ئەگەر هونەرمەندان كارێكی تریان نەبێت ناتوانن بژین

:: AM:11:38:10/06/2023 ‌
كامیل ئەمین، ئەكتەر و شانۆكار لە دیمانەیەكی تایبەت بە "وشە"، قسە لەسەر كێشەكانی پێوەندیدار بە هونەر و هونەرمەندان دەكات و پێی وایە هونەر لە کوردستان هیچ بایەخێکی پێ نادرێت و هونەرمەندان مافی خۆیان پێ نەدراوە و ئەگەر لەپاڵ کارە هونەرییەکەیان کارێکی ترتیان نەبێت ناتوانن بژین.  ئەو باس لە چالاکییە هونەرییەکانی خۆی دەکات و دەڵێ ئێستە هیچ كارێكی هونەری لە بەردەستدا نییە، بەڵام لە بەرنامەیاندایە لە داهاتوودا  لە چەندان فیلم و دراما و زنجیرە تەلەڤزیۆنی رۆڵ بگێڕن.

لە كوردستاندا دۆخی هونەر چۆن دەبینی؟

دۆخی هونەرمەندان لە كوردستان بەشێوەیەكی گشتی كە دەیبینین، هونەرمەند مافی خۆی پێ نەدراوە و كەمتەرخەمن بەرانبەر هونەرمەندان. ئەگەر هونەرمەندان كارێكی تریان نەبێت لە پشت كارە هونەرییەكەی خۆیان، ناتوانن بژین و ژیان ببەنە سەر، بۆ نموونە من باسی خۆم دەكەم كە كارێكی ترم هەیە و فەرمانبەری حكوومەتم، ئەگەر تەنیا كاری هونەری بكەم، ئەوە لەرووی مادییەوە ناژیم، لە كوردستان دوو بوار هەیە كە گرنگیان پێ نادرێت، ئەوانیش وەرزش و هونەر. من باسی وەرزشەكە ناكەم، بەڵام هونەر هیچ بایەخێكی پێ نادرێت، ئەگەر هونەرمەند سەرقاڵی كارەكەی خۆی بێت، باشتر دەچێتە ناو بوارەكەی خۆی و باشتر هونەرەكەی پێشكەش دەكات و مێشكی بە شتی لاوەكییەكانی تری ژیانەوە سەرقاڵ نابێت. هاوكات هونەرمەند ناتوانێ هەموو كارێك بكات، بۆیە ئەگەر گرنگییەكی باشیان پێ بدرێت لە ڕووی مادییەوە، ئەوە زیاتر پەرە بە كارە هونەرییەكانیان دەدەن.

زۆر لە هونەرمەندان هەمان نواندن دەكەن لە بەردەم كامێرادا، هۆكاری ئەوە چییە؟ بۆ نموونە هونەری سینەما تێكەڵ بە شانۆ دەكەن لە نواندندا.                   

ڕاستە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەیاندا نیم هەرگیز، ئەكتەرێكی شانۆ بێت و كاری دراما یاخۆ سینەما بكات، چونكە ئەو شارەزایی لە شانۆدا هەیە، تا ئێوارە نواندن بكات پێوەی دیارە كە ئەكتەرێكی شانۆیە. توانای ئەوەی نییە بەگوێرەی كارەكتەرەكە نواندن بكات، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەكتەرێكی دراما بێنیت و ئەو بەهرە و توانایەی تێدابێت، دەتوانێ ڕۆڵی هەموو كارەكتەرێك ببینێ، چونكە ئەسپی خۆی تاو داوە. هەروەها ئەكتەری سینەمایی دەتوانێ كاری شانۆیی بكات، چونكە نەچووەتە چوارچێوەی ئەوەی لەشولارێكی رەقی هەبێت و نەتوانێ نواندن بكات. هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم ئەكتەری شانۆ بۆ دراما و سینەما بەكار بێت، شانۆكار دەبێت خەریكی شانۆ بێت و سینەما و دراماتیك دەبێت خەریكی كاری خۆیان بن. بەڵام بۆ خۆم لەبەرئەوەی لە سەرەتادا ئەكتەرێكی خۆڕسك بووم (كۆمیدی) دەتوانم لە هەردوو بەشەكەدا ئەسپی خۆم تاو بدەم، لەم كۆتاییانەشدا كۆلیژی هونەر بەشی سینەمام تەواو كرد بەسەركەوتوویی. لەبەرئەوە من لەگەڵ ئەوەدا نیم ئەكتەری شانۆ نواندنی سینەما بكات، چونكە خۆی شانۆ بریتییە لە نواندن و گوتنی دیالۆگ لەگەڵ جووڵەی جەستە، ئەكتەری شانۆ لە بەردەم كامێرادا بە جووڵەكەی دیارە ئەكتەری شانۆیە، یانی جووڵە و ئەدای ئاسایی نییە، بەڵام سینەما بریتییە لە جووڵە و نواندنی ئاسایی مرۆڤ، ئەوە جیاوازییەكەیانە.

زۆربەی هونەرمەندا ناكۆكن لەناو خۆیاندا، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئیرەیی بە یەكتری دەبەن لە كارەكاندا
هۆكاری ناكۆكیی نێوان هونەرمەندان لە ناو خۆیاندا چییە؟

دەتوانم بیگەڕێنمەوە بۆ ئاستی رۆشنبیریی هونەرمەندان، ناڵیم هەموویان، هونەرمەند هەیە زۆر مرۆڤدۆستە و ڕێكوپێكە، هەیە زۆری پێ خۆشە بەرانبەرەكەی لە خۆی باشتر بێت، ئەمانە بە پەنجەی دەست دێنە ژمار، ئەوانی تر زۆربەی زۆریان ناكۆكن لەناو خۆیاندا، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئیرەیی بە یەكتری دەبەن لە كارەكاندا، هاوكات كێشەی سیاسی و مادیش هەیە، هونەرمەند هەیە لە شوێنی خۆی ماوەتەوە و هیچ جووڵەیەكی نییە، هەیشە بەردەوام لە جووڵەدایە و كاری هونەری دەكات، ئەوەی كە وەستاوە و هیچ كارێكی نییە، هەر لە خۆیەوە رەخنە لە كارەكانی ئەویتر دەگرێت، رەخنەی رووخێنەر نەك دروستكەر، بەڵام ئەوە هەڵەیە و بۆ ئێمەی هونەرمەندان زۆر ناشیرینە، دەبێت ئێـمە دڵمان پێ خۆش بێت بەرانبەرەكەمان سەركەوتوو بێت و نەوەستاوە، بەڵكو هەوڵی بۆ بەدەستهێنانی كاری هونەریی داوە، ئیتر ئێمەش هەروا نامێنینەوە و تەمەنە و دەڕوا، چەندان هونەرمەندی باش و ناودارمان هەبووە كە لە ژیاندا نەماون، تا ئێستە كەس نەیتوانیوە شوێنیان بگرێتەوە.

زۆر لە هونەرمەندان ئێستە خەریكی سیاسەتن و لە بواری هونەر پاشەكشەیان كردووە، تۆ وەك هونەرمەندێك هۆكارەكەی بۆچێ دەگەڕێنیتەوە؟     

                       
كەسێك ئازادە كە سیاسەت دەكات و كاری هونەریش دەكات، بەڵام من لەگەڵ ئەوەدا نیم وابەستە بم بە سیاسەتەوە، ئەوە بیروبۆچوون و ئایدۆلۆجیای كەسەكە خۆیەتی كە كارێكی سیاسی بكات، كاری سیاسیش هیچ عەیبەیەكی تێدا نییە، بەڵام با لە تەنیشت ئەوەشدا كاری هونەرییەكانی بكات، وەك گوتم زۆربەیان بەهۆی بژێوییەوەیە كە ناتوانن لە پاڵ هونەردا بەدەستی بێنن، پەنا دەبەنە بەر كاری سیاسی و خەریكی كاری سیاسی دەبن، بمانەوێ یان نا كۆمەڵێك پارتی سیاسی هەن لە كوردستان و خەڵكیش ئازادن خەریكی سیاسەت بن یان هەر بوارێكی تر، بەڵام دەبێت هونەرمەند لە هەموو شتەكان گەورەتر بێت، خۆم لەگەڵ ئەوەدا نیم هونەرمەند خەریكی كاری سیاسی بێت.

ئێستە لە كاری هونەریدا خەریكی چیت؟

لە كاری خۆم بەردەوامم و دانەبڕاوم. كۆتا كاری هونەریشم درامای "باران" بوو كە لە كەناڵی "كوردسات" پێشكەش كرا، هاوكاریی قوتابییەكانیش دەكەم كە بەردەوام لە هەوڵدان بۆ كاری نواندن. ئێستە هیچ كارێكی هونەریم لە بەردەستدا نییە، بەڵام لە بەرنامەماندایە چەندان فیلم و دراما و زنجیرە تەلەڤزیۆنی ئەنجام بدەین، ئەویش ئەگەر بودجەیان بۆ خەرج بكرێت یان خۆمان بۆیان پەیدا بكەین جێبەجێی بكەین، تا ئاستێك ئامادە كراون، رەنگە دوو مانگی تر دەست بكەین بە جێبەجێكردنی فیلمەكە و وێنەگرتنی.



وشە - لاڤین عومەر