شارەزایەك: پێشنیازەكەی یەكێتی هەنگاوێكی زۆر مەترسیدارە و دژی هەرێمی كوردستانە

:: PM:07:35:10/06/2023 ‌

جارێكی تر یەكێتی ویستی لە چارەسەركردنی كێشەكان لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان هەڵبێت و بیانباتە بەغدا، كە بە گۆڕەپانێكی باشتر بۆ خۆی دەزانێت، ئەو كێشانەی هەر خۆی هۆكاری زۆرینەیانە، ئێستە لە بەغدا دەنگ لەسەر بودجە دەدرێت، ئەو حزبەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ژمارەیەك ئەندامی نەیار بۆ هەرێم، چەند پێشنیازێكی كردووە، شارەزایەك باسی مەترسیداریی ئەو پێشنیازانە دەكات.

د، نەوزاد هیتووتی، مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی لە پۆستێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، ناكۆكییەكانی پرسی مامەڵەكردنی راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگەی سلێمانی، وەك یەكێتی لە بودجەدا پێشنیازی كردووە، هەنگاوێكی زۆر مەترسیدارە دژی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری لە چوارچێوەی عێراقدا.

ئەو شارەزایە باسی هۆكارەكانی مەترسیداریی ئەو هەنگاوەی یەكێتی سەبارەت بە مامەڵەی راستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگەی سلێمانی دەكات و دەڵێت:

یەكەم/ ئەم بڕگە دژی بڕگەكانی دەستووری عێراقە، كە باسی ئەوە دەكات هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی تەواوی لەسەر كاروباری ناوخۆی خۆی هەیە، بۆیە ئەم بڕگە نەك هەر لێدانە لە دەسەڵاتەكانی هەرێم، بەڵكو دەبێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی بەغدا دەستوەردانی زیاتر لە كاروباری ناوخۆی هەرێم بكات.

دووەم/ ئەم بڕگە بە ئەگەری زۆر دەبێتە هۆی لێكترازانی قەوارەی هەرێم، ئەوانەی ئەو بڕگەیان داناوە هەر بۆ ئەوەیە بكەونە مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا، بۆیە دیارە كە ئەم بیرۆكە ئێستە سەری هەڵنەداوە، بەڵكو لە كاتی رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر یەكێتی زۆر پێداگری لەسەر ئەوە دەكرد كە بەغدا راستەوخۆ بودجەی پاریزگەی سلێمانی بدات، ئیتر هەرێم وەك قەوارەیەكی دەستووری مامەڵەی لەگەڵدا نەكریت، بەڵام بەغدا ئەوەی رەت كردووە.

سێییەم/ لێرەدا مەسەلەكە هەر ئەوە نییە لە رووی دابینكردن بودجەوە سلێمانی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات، بەڵكو بۆ مامەڵەی راستەوخۆ لە رووی سیاسی و ئیداری و سەربازی و تەناهییەوە سەر دەكێشێت، ئەوەش واتە لە رووی واقیعەوە هەرێم دابەش دەبێت و گومانی تێدا نییە كە نیازی یەكێتی هەر ئەوەیە، بەڵام مەبەستیەتی لەژێر ناوی مووچەخۆرانی سلێمانی ئەوە بكات.

چوارەم/ دیسان ئەو بڕگە دەبێتە كارتێكی گوشار لەسەر پارتی و هەرێم، واتە هەر كاتێك بەغدا یان ئێران یان هاوپەیمانەكانیان بیانەوێ شتێك بەسەر هەرێمدا بسەپێنن، دەتوانن بە بەردەوام ئەو بڕگە بەكار بێنن، گومانیشی تێدا نییە كە یەكێتی بێ دوودڵی ئامادەیە بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل