"سەركردایەتی یەكێتی لە حزبەكەی دڵنیا نییە بۆیە هەموو جۆرە مامەڵەیەك دەكات"

:: PM:09:09:10/06/2023 ‌

یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان لە مادەی 14ی بودجەی عێراق داوا دەكات بڕگەیەكی تێدا بێت كە پارێزگەی سلێمانی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات، لە بەرانبەردا چاودێران ئاماژە دەكەن كە یەكێتی خاوەنی خۆی نییە و فەرمانی پێ دەكرێ ئەو جۆرە داواكارییە بكا و ئەزموونی كوردستان بخاتە مەترسییەوە.

لەو بارەوە ناسیح عەبدورەحمان، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، دەبێت ئەو راستییە بزانین كە داواكاری یەكێتی بۆ سەربەخۆ مامەڵەكردنی بەغدا لەگەڵ سلێمانی، ئیرادەی خۆی نییە و فەرمانی پێ كراوە، بەرهەمەكەشی بۆ ئەجێندایەكی دەرەكییە كە فەرزی كردووە بەسەر ئەو حزبەدا، بۆیە یەكێتی خزاوەتە ناو بازنەی ئەو وڵاتانەی دژایەتیی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن.

زیاتر گوتی، كەسێك نییە لەناو یەكێتی ستۆپ بە سەركردایەتی ئێستەی یەكێتی بكات، پێیان بڵێت ئەم هەنگاوانەتان نەك تەنیا بۆ كوردستان، بەڵكو بۆ خودی یەكێتیش خراپ دەشكێتەوە، باشترین ئەزموونیشیان 16ی ئۆكتۆبەرە، كە یەكێتی لە كەركووك حاكمی سەرەكی بوو، بەڵام دوای رێككەوتن لەگەڵ نەیارەكانی كورد، كەركووكی فرۆشت و ئێستە ئەو حزبە لەوێ مێوانە.

ئەو چاودێرە سیاسییە روو لە یەكێتی دەكات و ئاماژە دەكات، وەك یەكێتی سلێمانیتان لەدەست دا، دەتانەوێ بڕۆن لەكوێ نیشتەجێ ببن، بۆیە ئەم حزبە كەسی نییە بیر كاتەوە و تەنیا ئیش بۆ ئەمڕۆ دەكات، كە بەوەش گەورەترین هەڵە دەكات، چونكە یەكێتی و خەڵكی كوردستان زیان دەكات.

"یەكێتی بە تەنیا داوا دەكات كە سلێمانی مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات و هیچ حزبێكی تری لەگەڵدا نییە، بۆیە بەهۆی ئەو كێشە ناوخۆییانەی هەیەتی، سەركردایەتی ئێستەی یەكێتی دڵنیا نییە ئاخۆ تا كۆتایی یەكێتی بەڕێوە دەبات، بۆیە دەست بۆ هەموو شوێنێك دەبات و هێزەكانی نێودەوڵەتیش بەو مەرجە یارمەتی دەدەن كە زەفەر بە قەوارەی كوردستان بەرن.

هەڵەبجە/ عەزیز رەسووڵ



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل