“یەكێتی هەموو كارێك دەكات بۆ پەردەپۆشكردنی هەڵەكانی و مانەوەی خۆی"

:: PM:10:22:10/06/2023 ‌

مامۆستایەكی زانكۆ ئاماژە دەكات كە دژایەتیكردنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان دیراسە كراوە، یەكێتی هەموو كارێك دەكات بۆ داپۆشینی هەڵە و مانەوەی خۆی و هیچ ئینتیما و پڕۆژەیەكی نەتەوەیی نییە، بۆیەش كاری ئەوان لە بەغدا تەنیا دژایەتیكردنی حكوومەت و هەرێمی كوردستانە.

د. سەعید خۆشناو، مامۆستای زانكۆ و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، ئەوەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەیكات هەروا نییە و دیراسەكراوە، هاوكاری ئەوانە دەكات كە دژایەتیی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن، لەكاتێكدا خۆی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان هەیە و دەیانەوێ لە بودجە كێشەی زیاتری بۆ دروست بكەن، بۆیە داوا دەكەن وەك پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت، بۆیە ئەوەی دەكرێت یەكێتی بۆ بەرژوەندیی حزبی خۆیەتی نەك بۆ بەرژوەندیی خەڵك و هەرێمی كوردستان.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ باسی لەوەش كرد، یەكێتی وەك حزبێكی چەكداری وایە و بەردەوام كێشە و گرفت بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكات، هەموو كارێك دەكات بۆ دژایەتیكردنی حكوومەتی هەرێم و هەرێمی كوردستان، هەرچی كێشەیەك هەبێت بۆ زاڵكردنی بەغدا بەسەر هەرێم پەنا بۆ دادگەی فیدراڵی دەبات، ئێستەش سێ ساكاڵایان لەسەر هەرێم لە دادگەكە تۆمار كردووە، بۆیە هەموو ئەو كارانەی بۆ داپۆشینی ئەو هەڵانەیە كە بۆ مانەوەی خۆیان دەیكەن، چونكە هیچ ئینتیما و پڕۆژەیەكی نەتەوەییان بۆ هەرێمی كوردستان نییە، ئەگەر نا هەر كێشەیەك هەبێت پێویستە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت نەك بیبەن بۆ بەغدا.

شایەنی باسە لەبارەی بودجەوە جگە لە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، سەرجەم حزبە كوردستانییەكان لە بەغدا لەگەڵ ئەوە بوون كە پێویستە لە بودجە وەك هەرێم مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكرێت، بەڵام یەكێتی سووربوو لەسەر ئەوەی پێویستە بەجیا مامەڵە لەگەڵ سلێمانیدا بكرێت.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل