چاودێرێك: زۆرینەی كادرانی یەكێتی بێز لە سیاسەتی ئێستەی حزبەكەیان دەكەنەوە

:: PM:11:16:10/06/2023 ‌

یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەستی داوەتە خیانەتێكی تری نیشتمانی، ئەویش بە هاوكاریی كەسانی دژ بە گەلی كورد و بە ناوی بودجەوە، دەیانەوێ سلێمانی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا مامەڵە بكات، كە ئەوەش تەنیا بۆ لاوازكردن و نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستانە.

لەوبارەوە عینایەت نامیق، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، كاتێك یەكێتی كێشەیان لەسەر بودجە دروست كرد، گوتم ئەوەی دەیكەن لە 16ی ئۆكتۆبەر مەترسیدارترە، ئەوجارە سەروەریی كوردستان بە دەستەوە دەدەن، بۆیە ئەگەر ئەوەی یەكێتی بۆ حكوومەتی عێراقی دەكات بڕواتە سەر، شتێك نامێنێت بەناوی قەوارەی كوردستانەوە.

زیاتر گوتی، خەڵك یەكێتی دەبینێت 16ی ئۆكتۆبەر ئەنجام دەدات و بابەتی بودجە بەم شێوەیە وێران دەكات و دەنگی دەخاتە پاڵ دەنگی خەزعەلی شۆڤینیترین سەركردەی حەشدی شەعبی، ئەو كاتە خەڵك لە هەڵبژاردن دەنگی پێ نادات، خۆزگە سەرانی یەكێتی كەسانی ئەقڵمەندیان تیادابوایە و بیانتوانیبا لەگەڵ پارتی بۆ دروستكردنی سیستمی سیاسی رێك بكەون.
 
ئەو چاودێرە سیاسییە دووپاتی كردەوە، یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی كوردستان تەنیا چەند كورسییەك دێنێت، سلێمانیش لەسەر یەكێتی تاپۆ نییە و لەم هەڵبژاردنە شكستی گەورە دێنێت، من پێم وایە پارتی لە سلێمانی چوار كورسی بەدەست دێنێت.

"ئەوانەی خەباتیان بۆ یەكێتی كردووە و بۆی هیلاك بوون، لەم دۆخەی یەكێتی زۆر ناڕازین، ئەوان خەباتیان بۆ ئەوە نەكردووە حزبەكەیان بڕواتەوە باوشی بەغدا و رووداوەكانی ساڵی 1966 دووبارە بكاتەوە، بۆ ئەوە خەباتیان كردووە كە حزبەكەیان شانبەشانی پارتی خاوەنی هەڵوێستی نەتەوەیی بێت، بۆیە 95%ی كادرانی یەكێتی بێزارن و شەرم لە یەكێتیبوونی خۆیان دەكەنەوە"، عینایەت نامیق وای گوت.

ئەو چاودێرە ئاماژەی كرد، سلێمانی دڵە زیندووەكەی هەر چوارپارچەی كوردستانە و موڵكی یەكێتی نییە، دژە لەگەڵ هەموو داگیركەرێك، كەچی ئێستە تۆ دەتەوێ بیخەیتە ناو باوەشی بەغدا، خەڵك لێت رادەپەڕن و شاربەدەرت دەكەن.

هەڵەبجە/ عەزیز رەسووڵ



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل