بەهۆی كاركردن لە پڕۆژەیەكی هەولێر، كارەبا سێ كرێكاری گرت، یەكێك لە كرێكارەكان لە شوێنی رووداوەكە گیان لە دەست دەدات، دوو كرێكارەكەی تریش بۆ نەخۆشخانە دەگوازرێنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئەیلوول، حەسەن رەمەزان گوتەبێژی سەندیكای كرێكارانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ لە كاتی كاركردندا لەسەر شەقامی 60مەتری هەولێر، سێ كرێكار كارەبا دەیانگرێت و یەكێكیان گیان لە دەست دەدات.
زیاتر گوتی، رووداوەكە لە نێوان باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان لەسەر شەقامە سەرەكییەكە بووە.
روونی كردەوە، دوو لە كرێكارەكان كە بریندارن، رەوانەی نەخۆشخانە كراون بەمەبەستی چارەسەركردن.
ئەو رووداوە لە كاتێكدایە لە ماوەی رابردووش چەند كرێكارێك بەهۆی داڕووخانی سەقفی باڵەخانەیەك زامدار بوون، وەزارەتی كاریش چاودێری چڕ كردووەتەوە لەسەر شوێنەكانی كاركردنی كرێكاران بەمەبەستی پاراستنی گیانیان.