وەزیری تەندروستی داوایەكی لە هاووڵاتییان هەیە

:: AM:11:37:18/09/2023 ‌
وەزیری تەندروستی رای دەگەیەنێت، پێویستە ئەو هاووڵاتییانەی تووشی سكچوون دەبن، سەردانی نەخۆشخانەكان بكەن، چونكە هەموو حاڵەتێكی سكچوون ئەگەری هەیە كۆلێرا بێت.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئەیلوول، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، پێویستە تووشبوون بە كۆلێرا لەلایەن هاووڵاتییانی بە هەند وەربگیرێت، چونكە بەگوێرەی دواین ئامارەكان، تا ئەمڕۆ 30 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی كۆلێرا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان تۆمار كراون.

زیاتر گوتی، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین ئەگەر تووشی سكچوون بوون و زانییان پێویستیان بە چارەسەری پزیشكی هەیە، بە زووترین كات سەردانی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان بكەن بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرن، نابێت فەرامۆشی بكەن و مەترسی بكەوێتە سەر ژیانیان.

روونی كردەوە، پشكنین بۆ نەخۆشەكان بەردەوامە و 20%ـی ئەو حاڵەتانەی سكچوون لە نەخۆشخانەكان تۆمار دەكرێن، رەوانەی پشكنینی كۆلێرا دەكرێن، هەروەها هەموو سكچوونێكی توند و هەموو نەخۆشییەكانی سكچوون وەك كۆلێرا هەژماری دەكەن، هەمان رێكار و چارەسەری ئەو نەخۆشییەی لەگەڵ دەگرنەبەر.

ئاشكرای كرد لە ڕۆژی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، راپۆرتیان دەبێت لەبارەی تووشبوون، بۆیە هەندێك رێكار هەیە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ ئەوەی رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەكە بەرەو كەمبوون بچێت. لە بەشێكی تری راپۆرتەكەدا چەند پڕۆژە پێشنیازێك دەخەنەڕوو، بۆ پڕۆژەی داهاتووی درێژخایەن كە چاككردنی سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوە و پڕۆژەی ئاوی پاكە.



وشە - رامیار جەواد