لە 25ی ئاداری رابردووەوە هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا وەستاوە، عێراق بە رووكەش و تاكلایەنە چەند جارێك داوای لە توركیا كرد كە دەست بە هەناردن بكاتەوە، بەڵام توركیا بە پاساوی پشكنینی بۆرییەكە ئەو پرۆسەی دوا خست، دوای سەردانی وەزیری دەرەوەی بۆ عێراق دەركەوت مەرجی هەیە، شارەزایەكی ئابووری پێی وایە رێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەبارەی مووچە بۆ سێ مانگ ئاماژەیەكە بۆ نزیكبوونەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم.
لە میانی سەردانی هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە مانگی رابردوو بۆ عێراق، بابەتی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم و كەركووك لە رێگەی توركیا یەكێك بوو لەو بابەتە سەرەكییانەی باسی كرد، ئەو چەند مەرجێكی بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتەكە خستە بەردەم عێراق، لەپاڵ مەرجی تر بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی ئاو و هیتریش، كە ئەوانە لە میانی سەردانێكی چاوەڕوانكراوی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بۆ عێراق رێككەوتنی كۆتاییان لەبارەیەوە بكرێت.
د. نەبیل مەرسوومی، مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری لە پۆستێكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، پێشوازیكردنی كورد لە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لەبارەی پێدانی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار وەك قەرز بۆ هەرێم بۆ دانی مووچەی فەرمانبەران، ئاماژەیەكە بۆ نزیكبوونەوەی وادەی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی توركیاوە.
روونی كردەوە، پێشبینی دەكرێت هەناردنی نەوتەكە تا كۆتایی مانگی داهاتوو دەست پێ بكاتەوە، بە پێچەوانەوە هەرێم تووشی هەمان كێشە دەبێتەوە، چونكە ئەو بڕە پارەی بە قەرز وەری گرتووە لەگەڵ داهاتی ناوخۆیی، بێ داهاتی نەوتەكەی، تەنیا بەشی دانی مووچەی سێ مانگ دەكات، لە مانگی تەمووزەوە تا مانگی ئەیلوول، ئەوكات هەرێم پێویستی بە قەرزێكی تری 2.1 ترلیۆن دیناری دەبێت بۆ دانی مووچەی فەرمانبەرانی لە چوارەیەكی كۆتایی ئەمساڵ.