لە ئوردن 21 كه‌س گیران كه‌ ددانسازییان به‌بێ بڕوانامه‌ی پزیشكی كردووه‌

:: AM:11:57:25/09/2023 ‌
له‌ ئوردن 21 كه‌س گیران كه‌ كاری ددانسازییان بۆ نه‌خۆشان كردووه‌ به‌بێ ئەوەی هیچ بڕوانامه‌یه‌كی پزیشكییان هەبێت.

به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی "ئارتی نیوز"، عازم قه‌دومی سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی ئوردن داوای كرد یاسای پێوه‌ست به‌ داخستنی دامه‌زراوه‌ سه‌رپێچیكاره‌كان له‌ بواری پزیشكیی ددان به‌ركار بێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا سه‌رپێچییه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ بوونی ئه‌و كه‌سانه‌ی پیشه‌ی پزیشكی ددان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی پزیشك بن و هیچ بڕوانامه‌یه‌كیشیان هه‌بێت، به‌و پێیه‌ی تا ئێسته‌ ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ته‌ نزیكه‌ی 21 كه‌س.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، ئه‌و كه‌سانه‌ له‌لایه‌ن سه‌ندیكای پزیشكانی ددان چاودێری كراون، پاشان گیراون، به‌ڵام سه‌ندیكا ده‌سه‌ڵاتی داخستنی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی نییه‌، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی.

سەرۆکی سەندیکاکە ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ پێوه‌ندی به‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه‌ كراوه‌ له‌باره‌ی ئه‌و سه‌رپێچییانه‌ له‌لایه‌ن پزیشكانی ددانی ساخته‌، هیوادارن هاوكاری له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تدا بكرێت بۆ چالاككردنی یاساكان و داخستنی ئه‌م دامه‌زراوه‌ سه‌رپێچیكه‌رانه‌، به‌ ئامانجی پاراستنی هاووڵاتی و نه‌خۆش.


وشە - كەژاڵ كەمال