ئەگەر یەكێتی نیشتمانیی كوردستان پێش كۆنگرە بەسەر دوو باڵدا دابەش بووبێت، بە ئەنجامدانی پێنجەم كۆنگرەی باڵەكان زیاتر بوون، ئێستە هەریەك لە باڵی بافڵ و قوباد جیاوازن، ئەمە جگە لەوەی لەم كۆنگرەیەدا سەركردە كۆنەكانیش بەهۆی بەشدارینەكردنیان هەر یەكەیان باڵی خۆی جیابووەتەوە و بەشدارییان لە كۆنگرە نەكردووە، بۆیە ئێستە یەكێتی هی ئەوەیە پێی بگوترێ حزبی باڵەكان.
یەكێتی لەوەتەی هەیە بە حزبی باڵەكان ناسراوە، بەڵام ئەو باڵانە تەنیا دوو جەمسەر بوون، پێش مردنی مام جەلال، نەوشیروان مستەفا یەكێك بوو لەو باڵانەی كە دواجار لە ساڵی 2009 خۆی جیا كردەوە و بزووتنەوەی گۆڕانی دروست كرد، لەكاتی كۆنگرەی چوارەم هەریەك لە بافڵ و لاهوور، وەك دوو باڵی سەرەكی ململانێ و ركابەرییان لەناو حزب دەكرد، لە پێنجەم كۆنگرە باڵەكانی یەكێتی زیاتر بوون و ململانێكانی ناو حزبەكە زیاتر توند بووە.
رەشاد گەڵاڵی، كادری پێشكەوتووی یەكێتی بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان حزبێكە هەمیشە ئازادی و فرەرایی تێدا بووە، ئەو سەركردانەی كە لە رابردوو تا ئێستە لە ناو یەكێتی بوون و بەشداری خەباتی ئەو حزبەیان كردووە و كەسی بە ئەزموون و كۆنن قسەیان لەگەڵ كراوە، لەبارەی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتییەوە، رەنگە بیروبۆچوونی جیاواز لەبارەی كۆنگرەوە هەبێت، بەڵام هێنانەپێشەوەی كەسی نوێ و خوێنی نوێ، كار و پلانی هەموو حزبێكە كە لە هەرێمی كوردستان یان لەهەر ناوچەیەكی تر كاری سیاسی دەكات.
باسی لەوەش كرد، هەر حزبێكی سیاسی بیەوێ بەردەوام بێت، دەبێت كۆنگرە ببەستێت، ئەگەر بیەوێ كاروانەكەی بەردەوام بێت، دەبێت نوێگەری بكات، ئەو سەركردە كۆنانە، هەیانە بەهۆی تەمەنەوە یان بەهەر هۆیەكی تر توانای كاركردنی نەماوە، قسە لەگەڵ هەموویان كراوە، ئەوانەشی لەگەڵ پێڕەو پرۆگرامی یەكێتی نەبێت لەناو حزب جێگەیان نابێتەوە، یەكێتیش لە دوای مردنی مام جەلال رۆژ بە رۆژ باڵەكان كاڵتر بوونەتەوە، ئەم كۆنگرەیە كۆتاهاتنی باڵەكانە، كۆدەنگی لەناو حزب هەیە، بەڵام فرەراییش دەبێت.
لای خۆیەوە هیوا رەشید، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، یەكێتی حزبێكە لەهەر قۆناغێكدا خاوەن رای جیاواز بووە، هەمیشە راكان بەسەر دوو بۆچووندا دابەش بوون، یەكێتی لەم كۆنگرەیەدا دابەشبوونی پێوە دیاربوو، بەڵام بەهۆكاری ئەوەی رەنگە گوشارێكی زۆر لەسەر ئەندام و كادری و سەركردایەتی هەیە و ئێستە ناتوانن بەئاشكرا رای خۆیان بدەن، یان دابەشكاری لەنێوان چەند كەسێكدا هەبێت وەك ئەوەی زۆر بە روونی لە كۆنگرەی چوار هەبوو، هەر ئەوەی لەناو كۆنگرە رێگە بە رای جیاواز نەدرا، ئەوە پێمان دەڵێت گوشاری زۆر لەسەر ئەندامان هەیە.
روونی كردەوە، ژمارەیەكی زۆر لە سەركردە كۆنەكانی یەكێتی بەشدارییان نەكرد، ئەو سەركردانە خاوەن جەماوەرن و خەڵكی خۆیان هەیە، ئەمە باڵێكن و پێكەوە دەتوانن دژی یەكێتی پێك بێن، هەروەها ئەوەش دیارە كە ململانێ لەسەر فراوانی دەسەڵات لە نێوان یەكێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی هەیە، هەمان باڵی كۆنگرەكانی رابردوو هەیە، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە سەركردەكانی تر كە بەشداری كۆنگرەیان نەكردووە، ئەوانە كەسی خۆیان لەگەڵە، لە ناوخۆش ناتوانرێت بە ئاشكرا ئەوە بكرێت، چونكە رەنگە دەركردن هەبێت.
پێوەست بەو بابەتەوە سەروان سەعید، ئەندامی نارازیی یەكێتی بە "وشە"ی گوت، یەكێتی كۆنگرەیەكی زۆر خراپی كرد، بەشدارینەكردنی سەركردە كۆنەكانی یەكێتی، ئەوەی نیشانی هەمووان دا كە یەكێتی لە دۆخێكی زۆر خراپدایە و كۆنگرەش لەپێناو هەندێك دەسەڵات كراوە بۆ مەرامی كەسانێك.
دووپاتی كردەوە، یەكێتی واتە سەركردە كۆنەكان، ئەگەر ئەوان خۆیان دابنیشن، شتێكی ئاساییە، بەڵام بەشدارینەكردن و نیگەرانییان لە دۆخی حزبەكە، لە داهاتوو یەكێتی رووبەڕووی دۆخێكی خراپ دەكاتەوە.
وشە/ تایبەت