زیاد ئەسعەد باری تەندروستیی ناجێگیرە

:: AM:09:27:28/10/2023 ‌
هونەرمەندێكی دیاری كورد ڕای گەیاند، پێوەندیی بەردەوامی بە هونەرمەند زیاد ئەسعەدەوە هەیە و لە چەند رۆژی ڕابردوودا، پێوەندیی پێوە كردووە كە باری تەندروستیی ناجێگیرە، بەهۆی ئەوەی بەتەنیا دەژی، مەترسی لەسەر ژیانیشی هەیە.

دوای ئەوەی هونەرمەند زیاد ئەسعەد لە چەند ساڵی رابردوودا تووشی نەخۆشی بوو، هونەرمەند وریا ئەحمەد بە "وشە"ی ڕاگەیاند، زیاد ئەسعەد لە چەند ساڵی ڕابردوود تووشی جەڵتەی مێشك بوو، ئەوەش كاری زۆر كردووەتە سەر هەستان و دانیشتنی، ئەو نەخۆشییەش پێویستی بەچاودێری و خزمەتكردنی بەردەوام هەیە، بەڵام ئەو لەبەرئەوەی لە وڵاتێكی سارد و سڕی وەك سویددا بەتەنیا دەژی، بۆیە مەترسی زۆر لەسەرە. 

وریا ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا كە لەو چەند ڕۆژەدا پێوەندیی پێوە كردووە، تا داوایەكی تیپی موزیكی سلێمانیی پێ ڕابگەیەنێت كە داوایان كردبوو دەیانەوێ داوەتی بكەن و كۆنسێرتی بۆ بكەن، بەڵام زیاد ئەسعەد لەبەر باری تەندروستی، داوای لێبوردنی كرد و گوتی، "بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە نەیتوانیوە لەو ماوەیەدا هیچ جۆرە چالاكییەكی هونەری ئەنجام بدات"، كەچی نەیشاردەوە كە تامەزرۆیە بۆ كارێكی وا و گەڕانەوەی بۆ كوردستان.

وریا ئەحمەد داوا لە سەندیكای هونەرمەندان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و داودەزگای پێوەندیدار دەكات، بەفریای هونەرمەندی بەتوانا زیاد ئەسعەد بكەون.

زیاد ئەسعەد مەجید لە ساڵی 1967لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر لە دایك بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لەو شارە تەواو كردووە، ساڵی 1983 دەستی كردووە بەكاری هونەری و یەكەم گۆرانیی بەناوی (دوعا) بووە، ساڵی 1988 یەكەم كاسێتی بڵاو كردووەتەوە، ساڵی 1989 سەردانی ئێران دەكات. ساڵی 1990 دەگەڕێتەوە كوردستان و ئەلبوومێك بڵاو دەكاتەوە، ساڵی 1993 ئەلبوومێكی تر بڵاو دەكاتەوە و پاشان كوردستان جێدێڵێت و جارێكی تر بۆ ئێران دەچێت، ماوەیەك لەوێ وانەی ئاواز و چۆنیەتیی ئەداكردنی گۆرانی دەخوێنێت و هەروەها فێری زمانی فارسی دەبێت، پاشان دەچێتە ڕووسیا و ماوەیەكی زۆر وانەی فێربوونی موزیك و شێوازەكانی كاركردن لەسەر ستایلە جۆربەجۆرەكانی گۆرانی و موزیكی جیهانی دەخوێنێت و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە، فێری زمانی ڕووسی دەبێت، پاشان دەچێتە كەنەدا و ماوەیەك لەوێش دەخوێنێت و فێری زمانی ئینگلیزی دەبێت، دواتریش دەچێتە سوید، تا ئێستە لەوێ نیشتەجێیە.


وشە - سۆران عەزیز