بەهۆی دابەشكردنی نەوتەوە نرخی نەوتی بازرگانی هەرزان دەبێت

:: PM:08:32:28/10/2023 ‌

بەهۆی بەردەوامی و خێرا دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان، نرخی نەوتی سپی لە بازاڕ هەرزان بووە، نەوتفرۆشێك دەڵێت، خواست لەسەر نەوتی سپی لە بازاڕ نەماوە و نرخەكەشی دابەزیوە، دووپاتی كردەوە، ئەگەری دابەزینی زیاتری نرخەكەی هەیە.

ماوەی مانگێكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان لە هەموو ناوچەكان كردووە، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەكان دەستی پێ كرد، ئێستەش دابەشكردن گەیشتووەتە ناو سەنتەری شارەكان، ئەمەش وای كردووە خواست لەسەر نەوتی بازاڕ بە رێژەی بەرچاو دابەزێت و نرخی نەونی بازرگانیش هەرزان بێت.

لەوبارەوە رێبەر جەلال، نەوتفرۆش بە "وشە"ی گوت، دابەشكردنی نەوتی سپی لە لایەن حكوومەتەوە بەسەر هاووڵاتییان، وای كردووە خواست لەسەر نەوتی بازرگانی نەمێنێ و كەس نایكڕێت، حكوومەت بەخێرایی نەوتەكە دابەش دەكا و لە چەند رۆژێكدا ناوچە شاخاوییەكانی تەواو كرد، هەروەها گەیشتووەتە ناو سەنتەری شارەكان، بۆیە خەڵك كە دەبینێت نەوتی حكوومەت بەخێرایی دابەش دەكرێ و نرخەكەشی هەرزانە، نەوتی بازاڕ ناكڕێت، بۆیە بەهۆی دابەشكردنی نەوتی سپی بازاڕمان نەماوە.

باسی لەوەش كرد، پێش ئەوەی حكوومەت دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان بكات، نرخی بەرمیلێك نەوتی ماڵان لەسەر كڕیار تا بەردەم ماڵەكەی 190 هەزار دینار دەكەوت، ئێستە بۆ خوار 180 هەزار دینار دابەزیوە، بۆیە ئەگەر دابەشكردنی نەوت بەو شێوەی ئێستە بەردەوام بێت، نرخەكەی زیاتر دادەبەزێت و دوور نییە بگاتە ئاستی 170 هەزار دینار بۆ بەرمیلێك.

"فرۆشمان زۆر كەم بووەتەوە و جار هەیە بە دوو و سێ رۆژ بەرمیلێك نەوت نافرۆشین، لەوكاتەی پێش ئەوەی حكوومەت نەوت دابەش بكات، رۆژ هەبوو دوو یان سێ بەرمیلمان دەفرۆشت، رۆژ هەبوو لەوە زیاترمان دەفرۆشت"، رێبەر جەلال، نەوتفرۆش وای گوت.

بە پێی ئامارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، سەرو 100 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە، پرۆسەكە لەدوای تەواوبوونی ناوچە شاخاوییەكان، لە سەنتەری شارەكان و دەوروبەری دەستی پێ كردووە و بۆ هەر بەرمیلێك بڕی 103 هەزار دینار وەردەگیرێت.

لای خۆیەوە ئەنوەر سەعید، هاووڵاتیی بە "وشە"ی راگەیاند كە لە چەند رۆژی رابردوو نەوتی كڕیوە، یەك بەرمیل بە 180 هەزار دینار، نەوتفرۆشەكە پێی گوتووە كە ئێستە بەهۆی ئەوەی حكوومەت بەخێرایی دابەشی دەكات نەوت هەرزان بووە، بۆیە خەڵك ئامادە نییە 180 هەزار دینار بە نەوت بدات، لەكاتێكدا حكوومەت بە 103 هەزار دینار دابەشی دەكات.

ئەو هاووڵاتییە ستایشی هەنگاوەكەی حكوومەتی كرد و گوتی، ئەو كارەی حكوومەت سووككردنی ئەركی سەر شانی هاووڵاتییانە، چونكە لەوكاتەدا كە بەغدا مووچە نانێرێت و فەرمانبەر چەند مانگێكە مووچەی وەرنەگرتووە، قورسایی لەسەر شانی هاووڵاتی دروست بووە، بەڵام حكوومەت وا دەكات خەڵك لە نەوتەكە بڕێك پارەیان بۆ بگەڕێتەوە.

پێوەست بەو بابەتە د.جیهاد حەسەن، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەكانی لە خولی رابردووی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك ئەركی سەرشانی خۆی، كە هەمیشە خزمەتی هاووڵاتییانی كردووە و گرنگی بە داواكاری و پێویستییەكانی ئەوان داوە، كە زانی حكوومەتی عێراق نەوت دابەش ناكات، بەخێرایی دەستی بە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی كرد، لە هەموو ناوچەكان نەوت بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت و نرخەكەشی لە بازاڕ هەرزانترە و لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە.

روونی كردەوە، ئەو كارەی حكوومەت سووككردنی ئەركی سەر شانی هاووڵاتییانە، لەوكاتەدا حكوومەت كە دەزانێت وەرزی باران و سەرمایە، نەوت دەداتە هاووڵاتییان، هاووڵاتییش ناچار نابێت لە بازاڕ بەگرانتر بیكڕێت، هەروەها نرخی بازاڕیش خواستی لەسەر نامێنێت و هەرزانتریش دەبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل