كازم ساهر گۆرانیەك بە ئینگلیزی بۆ غەزە بڵاو دەكاتەوە "تكایە جەنگ بوەستێنن"

:: PM:07:51:05/11/2023 ‌
پەیجی فەرمیی بەرنامەی "عەرەب وود" کە لە کەناڵەکانی ڕۆتانا پەخش دەکرێت، گرتەی ڤیدیۆیەکی هونەرمەندی دیاری عێراقی کازم ساهری بڵاوکردەوە کە لە ڤیدیۆكەدا پەیامێک بۆ خەڵکی غەزە دەنێرێت و دەڵێت، هیوای سەلامەتی و ئارامی بۆ برایانمان لە غەزە دەخوازین، تەنیا منداڵ و بێتاوان باجە قورسەکە دەدەن.

 پەیامەکەی ساهر لە کاتی ئامادەبوونی بوو لە دانیشتنێکی هونەری دیالۆگئامێز لە چوارچێوەی بەرنامەی "مۆسیقا و ئەدەب” لە شارجە.

کازم ساهری گۆرانیبێژی عێراقی ئاشکرای کرد، نوسینی تێکستی گۆرانییەکی نوێی بەناونیشانی "جەنگ بووەستێنن"ی تەواو کردووە و ئاماژەی بەوەش دا کە بە زمانی ئینگلیزی گۆرانییەكە دەڵێتەوە بۆ ئەوەی پەیامەکەی بە دنیا بگات و شەڕ لە كەرتی غەزە بوەستێندرێت. 

ڕوونیشی کردەوە کە هۆنراوەی گۆرانییەکەی بە زمانی عەرەبی نووسیوە و شاعیرێکی بەریتانیش دوای حەوت جار بە دەستكارییەوە وەریگڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزیی، كازم ساهر لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا ئاشكرای دەكات تۆمارکردنی گۆرانییەكە نزیکە لە تەواوبوون و  لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو بڵاوی دەکاتەوە.

ساهر باسی لەوە کرد کە حەوت گۆرانی نیشتمانپەروەریی بە زمانی عەرەبی هەیە، بەڵام ئەم گۆرانییە بە زمانی ئینگلیزی دەڵێتەوە، بۆ ئەوەی پەیامەكەی  بگاتە تەواوی دنیا.


وشە - رزگار خدر