"بازرگانی نافەرمیی سنوورییەكان هۆكاری هەڵكشانی نرخی دۆلارن"

:: PM:11:02:06/11/2023 ‌

نرخی دۆلار لە هەڵكشان و داكشان بەردەوامە، جیاوازی لە نێوان نرخی فەرمیی دۆلار و نرخی لە بازاڕ تا دێت زیاتر دەبێت، د. مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری ئابووریی سەرۆكی حكوومەتی عێراق، لە دیمانەیەكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، ئەو پێی وایە كە دابەزینی نرخی دۆلار پێویستی بە كاتێكی زۆر هەیە، دووپاتی كردەوە كە بازاڕی نافەرمی ئەو هەڵئاوسانەی دروست كردووە و بەو هۆیەوە نرخی دۆلار بەرز بووەتەوە.

*نرخی دۆلار لە بەرزبوونەوە بەردەوامە، ئایا بۆ ئەوەی نرخەكە دابەزێت بانكی ناوەندی دەتوانێت دۆلاری زیاتری كاش بخاتە بازاڕەوە؟

ئەو دۆلارەی كە بانكی ناوەندی رۆژانە لە رێگەی پەنجەرەی فەرمییەوە دەیخاتە بازاڕ، خواستی هاووڵاتییانە، واتە بانكی ناوەندی رۆژانە بەپێی خواست دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، بۆیە زیادكردنی خستنەڕووی دۆلاری كاش پێوەستە بە ئەگەری بەدەستهێنانی دۆلاری كاش و بڕی خواستی رۆژانە كە لە رێگەی پەنجەرەی فەرمییەوە داوا دەكرێت.

*ماوەی هەشت مانگە نرخی 100 دۆلار بە فەرمی كراوەتە 132 هەزار دینار، ئەوەش لە یاسای بودجە جێگیر كراوە، بەڵام نرخەكەی بەردەوام بەرز دەبێتە، هۆكاری ئەوە چییە؟

بازاڕی هاوتای دراو تەنیا 10%ی پانتایی بازاڕی دراو پێك دێنێت، رۆڵی بانكی ناوەندیش دابینكردنی پێویستییەكانی دراوی بیانییە بە رێژەی 90%، بەڵام بازاڕی رەش یان هاوتا، بووەتە سەرچاوەی شێوانی سەقامگیریی نرخی كاڵا و خزمەتگوزارییەكان، سیاسەتی چاكسازیی ئابووری دنیاش پشت بە بازرگانیی ناودەوڵەتییەوە دەبەستێت بۆ سەقامگیركردنی بازاڕی كاڵاكان و فەراهەمكردنی كاڵای نرخ جێگیر، ئەوەش كاریگەرییەكانی بازاڕی هاوتای ئاڵوگۆڕی دراو هەڵدەوەشێنێتەوە.

*ئەو كاڵایانە كامانەن كە ئێستە بە نرخی فەرمیی بانكی ناوەندییەوە دەچنە بازاڕەوە؟

 چوار گرووپ كاڵا هەن كە دەچنە بازاڕەوە و بە نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕكردنی دۆلاریان بۆ دابین دەكرێت، ئەوانیش خۆراك، دەرمان، پارچەی یەدەگی جۆراوجۆر و كەرەستەی بیناسازین، ئەوانە بە نرخی فەرمی دەگەنە كڕیار، ئەوەش بەشداری لە سەقامگیریی داهاتی نەختینەیی دەكات، بازاڕی ڕەش بازاڕێكە بۆ گەمژەكان و پێویستە وردە وردە لە رێگەی دەستوەردانی دەوڵەتەوە لەگەڵ كاڵا سەرەتاییەكان بە نرخێكی جێگیرەوە گۆشەگیر بكرێ و هەموو كاڵا و شمەكەكان بەو نرخەی كە بانكی ناوەندی دایناوە بچنە بازاڕەوە.

*ئەگەر بانكی ناوەندی فرۆشتنی رۆژانەی دۆلار زیاد بكات، كاریگەری لەسەر نرخەكە دەبێت؟

ئەوەی كاریگەری لەسەر سەقامگیریی نرخ هەیە، سەقامگیریی ئاستی گشتیی قەرزدانی بەكاربەرە بە دابینكردنی كاڵا بە نرخێكی جێگیر و دۆلاریش بە نرخی فەرمیی ئاڵوگۆڕكردن، ئەمەش ئەوەیە كە گرنگە و بەو هۆیەوە نرخی دۆلار لە بازاڕ دادەبەزێت.

*كەواتە هۆكاری ئەو بەرزبوونەوەی ئێستەی نرخی دۆلار چییە؟

كێشەكە بازرگانی نافەرمیی سنوورییەكان و بەردەوامیی داواكارییە لەسەر دۆلاری كاش، ئەمە وای كردووە نرخی دۆلار دانەبەزێت و بەرز ببێتەوە، ئەگەر بازاڕی عێراق لە رێگەی بانكی ناوەندییەوە بە سەقامگیری دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ كاڵا هاوردەكراوەكان مسۆگەر بكات، كاریگەرییەكانی بازاڕی هاوتەریب لەسەر دۆلار بێبەها دەبێت.

*بۆچی تا ئێستە نەتوانراوە كۆمپانیا و نووسینگە و پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل ناچار بكرێن كە بە نرخی فەرمی بانكی ناوەندییەوە مامەڵە بكەن؟

ئەمە بابەتێكە پێوەستە بە جێبەجێكردن و هێزی یاساوە.

*ئەی بۆچی بازاڕی نافەرمیی دۆلار توند ناكرێت یان چاودێری ناكرێت، تا نرخ بەو جۆرە بەرز نەبێتەوە؟

بە یاسا بەدواداچوونی بۆ دەكرێت، بەڵام گۆڕینی داونەریتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم بابەتەدا كاتی دەوێت.

*ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار گەیشتە 167 هەزار دینار، دەكرێت نرخەكە دابەزێت یان زیاتر بەرز دەبێتەوە؟

ئەوەش پێویستە بەوەی بازاڕی فەرمیی دۆلار بەهێز بكەین و سەرنجمان لەسەر ئەو لایەنە بێت.

دیمانە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل