نەرویج مۆدێرنترین کەشتیی گەشتیاری دروست دەکات

:: PM:05:38:09/11/2023 ‌
کۆمپانیای ''هێڵی کروزی نەرویج''ی، بۆ یەکەم جار زانیاری دەربارەی ئەو کەشتییە گەشتیارییە بڵاودەکاتەوە کە ئەکواپارکی تێدایە و بڕیار وایە لە مانگی نیسانی 2025 بکەوێتە كار.


ئەم کەشتییە نوێیە بە ڕێژەی %10 لە دەستەخوشکەکانی تری گەورەترە، كە بەرزییەکەی 321 مەترە، لەم کەشتییە گەشتیارییەدا زیاتر گرنگی بە بەشی دەرەوە دراوە، ئەمەیش بەو پێیەی یەکەم کەشتی لەو جۆرەیە کە ئەکواپارکی تێدابێت و چەندین یاریگای وەرزشی لەسەری دروست بکرێت.

کەشتیەکە لە مانگی نیسانی 2025 دەکەوێتە خزمەت گەشتیاران، جیاوازیی ئەم کەشتییە لە دەستەخوشکەکانی لەوەدایە کە خلیسکێنەی ئەکواپارکەکەی لەسەر شێوازی یاریی هێڵی مەرگ دروستکراوە کە بەرزییەکی زۆری هەیە و چێژێکی تایبەت دەداتە سەرنشینان.

دیمەنێكی ئەندازەیی ڕەنگاوڕەنگ و ناوازە دەرەوەی کەشتیەکە دادەپۆشێت، کە لە لایەن هونەرمەندی تابلۆکێش ئەلیسۆن هیومانەوە ڕەنگ دەکرێت.

ژوورەکانی ناو کەشتییەکە بە شێوازێکی ئەندازیاری و سەرنجڕاکێش دیزاین کراون، لە ژووری نوستنەکاندا ئاوێنەی گەورە هەیە تا سەرنشین بتوانیت تەمەشای دەرەوە بکات و چاوی لە زەریاکە بێت.

لە ناو کەشتیەکەدا هەموو خزمەتگوزارییەکانی وەک چێشتخانە، باڕ، مەلەوانگە، کافێ و مۆڵ و بازاڕ بەردەست دەبێت.


وشە - ئارا هێمن