جەرگ یەکێک لە گرینگترین ئەندامەکانی لەشە و بۆیەش پاراستنی ئەو ئەندامە دەتوانێت کاریگەریی زۆری بۆ سەر تەندروستی گشتی مرۆڤ هەبێت. ژیانی مۆدێڕن، زۆرخواردن، خراپیی خۆراکەکان، جەرگ ماندوو دەکات و ناهێڵێت مادە ژەهراوییەکان بە خێرایی بچنە دەرەوە، بۆیە کۆمەڵێک میوە و سەوزە هەن کە بۆ جەرگ زۆر بەسوودن.
ئەگەر خوازیاری ئەوەن جەرگتان بە باشی ئەرکەکانی خۆی راپەرێنێت پێویست دەکات وێڕای سوودوەرگرتن لە هەندێک خۆراک، خواردنەوەی کحوول و ئەو خواردنەوانەی کافێئینیان تێدایە کەم بکەنەوە. پزیشکان پێیان باشە ئاوێکی زۆر بخورێتەوە چونکە وا دەکات لەش بەردەوام ئاوی پێویستی هەبێت وئەمەش جەرگ لە مادە زیانبەخشەکان پاک دەکاتەوە.
وا دەکات لەش بەردەوام ئاوی پێویستی هەبێت وئەمەش جەرگ لە مادە زیانبەخشەکان پاک دەکاتەوە.
سیر: خواردنی بڕێکی کەم لە سیر دەتوانێت جەرگ چالاک بکات و خێراتر مادە ژەهراوییەکان بداتە دەرەوە.
چەوەندەر و گێزەر: ئەو دوو رووەکە جۆرە مادەیەکیان تێدایە کە هانی جەرگ دەدەن چالاکتر کار بکات.
چای سەوز: ئەو جۆرە چایە پڕە لە ئانتی ئۆکسیدان و وەکوو خواردنەوەیەکی بەسوود بۆ رجیمێکی خۆراکیی هەژمار دەکرێت.
زەردەچێوە: ئەو مادەیە جگە لەوەی کە دژی شێرپەنجەیە لە هەمان کاتدا مادە ژەهراوییەکانی لەش دەکاتە دەرەوە.
قاوە: توێژەران پێیان وایە خواردنی قاوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە جەرگ لە کۆمەڵێک نەخۆشی بپارێزرێت.
سێو: سێو تایبەتمەندییەکی سەیری هەیە لە هێنانە دەرەوەی مادە کیمیاییەکان لەرێگەی میز و هاوکات یارمەتیدەرێکی گەورەی جەرگە بۆ ئەوەی بەرەنگاری مادە ژەهراوییەکان ببێتەوە.
رۆنی زەیتوون: زەیتوون خۆی هەڵگری مادەیەکە کە مادە ژەهراوییەکان لەخۆیدا دەتوێنێتەوە و لەناویان دەبات لەو کاتەدا جەرگ ناچار نییە زیاتر لە رادەی پێویست کار بکات بۆ ئەوەی ئەو مادە ژەهراوییانە بێنێتە دەرەوە.
برۆکلی:خواردنی ئەو سەوزەیە جۆرە ئەنزیمێک بەرهەم دێنێت کە لە سیستەمی هەوکردندا بەسوودە و یارمەتی جەرگ دەدات باشتر ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات. هاوکات مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە.
لیمۆ: ئەو میوەیە بڕێکی زۆر ڤیتامینی سی تێدایە و ئەگەر لەکاتی بەیانیان گیراوەی لیمۆ بخورێتەوە ئەوا دەبێتە هۆی چالاککردنی جەرگ.
گوێز: ئەو میوەیە بڕێکی زۆر ئانتی ئۆکسیدانی تێدایە و یارمەتی جەرگ دەدات تا ئامۆنیاک لە لەش بەرێتە دەرەوە، هاوکات جۆرێک چەوری تێدایە کە لە خاوێنکردنەوەی جەرگ رۆڵێکی کاریگەر دەبینێت.
سەوزەکانی تریش بەتایبەتی ئاڤۆکادۆ کاریگەرییەکی زۆریان بۆ پاراستنی جەرگ لە نەخۆشییەکان هەیە.