وەزیری تەندروستیی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ رای گەیاند، هەموو دامەزراوەیەكی تەندروستی پێداویستیی ساڵانەی خۆی پێشكەش دەكات، لەسەر ئەو بنەمایە و بنەمای رێژەی دانیشتووان، وەزارەتەكەیان دەرمان بەسەر دامەزراوەكاندا دابەش دەكات. ئاماژەی بەوەش دا پشكی هەرێمی كوردستان لە دەرمان پێوەندیدارە بەو بودجەیەی تایبەت بەو پرسە دیاری كراوە.
لەبارەی پشكی هەرێمیش حەسناوی گوتی، پرسی دەرمان لە هەرێمی كوردستان پێوەستە بە بودجەی هەرێم، "بودجەی دەرمان بۆ هەرێم گەیشتووەتە 216 ملیار دینار لە كۆی بودجەی تەرخانكراو بۆ هەرێم. ساڵح حەسناوی ئاماژەی بەوەش دا، دابەشكردنی دەرمان بەسەر سەرجەم پارێزگاكاندا لەسەر بنەمای دوو پێوەرە، یەكەمیان ژمارەی دانیشتووان و دووەمیش هەڵسەنگاندنی پێویستیی پارێزگاكە.
بەردەوام كێشەی نەناردنی دەرمان بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەبووە، ئەم كێشەیە لە هەموو كابینەكانی حكوومەتی عێراقی فیدراڵدا چارەسەر نەكراوە، زۆربەی جار لە بەغدا پرسی دەرمانیان وەك كارتێكی سیاسی دژی هەرێم بەكار هێناوە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كودستان سەرەڕای ئەو هەموو ئاستەنگە داراییەی بۆی دروست كراوە، پێویستیی نەخۆشخانەكانی كوردستانی دابین كردووە.