ئێوارەی دوێنێ دووشەمم، نووسەر و روناكبیری دیاری كورد "هێمن قەرەداغی" بەمەبەستی كڕینی پێداویستی لەیەكێ لە شەقامەكانی شاری سلێمانی لەگەڵ دابەزینی لە ئۆتۆمبێلەكەی دەمودەست ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر پێیدا كێشاوە و كۆچی دوای كردووە.
هێمن لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە ئۆتۆمبێلێکدا بوون، کاتێک بۆ کڕینی میوە لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزێت بارهەڵگرێک پێیدا کێشاوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. شۆفێری بارهەڵگرەكەش عەرەبێكی عێراقییە.
هێمن قەرەداغی تەمەنی 45 ساڵ بوو، خاوەنی چەندین بەرهەمی شیعری و لێكۆڵینەوەی فیكری بوو، هەمیشە كەسایەتییەكی نەرم و خاوەن ڕای تایبەتی خۆی بوو.
هێمن قەرەداغی، لە ساڵی 1978 لە سلێمانی لەدایكبووە، دەرچوی کۆلێژی هونەرە جوانەكان، بەشی سینەمای زانکۆی سلێمانی بوو، چەندین پەرتوکی چاپکردووە کە دیارترینیان بریتین لە: "یەک هەناسە، هەریەکەمان لە باخێکدا یاقوتەکانمان لێ کەوت" و هەورەها خاوەنی پڕۆژەی نوسینی "جیهانبینی ئایینی" بووە، كە پێكهاتووە لە چەند كتێبێك، كتێبی یەكەمی پڕۆژەكە بەناوی "مەعریفەو ئیمان" بڵاوبۆتەوە كە بە هاوبەشی لەگەڵ نوسەرو رۆماننوسی كورد بەختیار عەلی نووسراوە، كتێبی دووەمی پڕۆژەكەش بەناوی "مێژووی ئیمان" لە پڕۆسەی نووسیندا بوو، هێشتا بەچاپی نەگەیاندبوو.
هێمن قەرەداغی لەپاڵ ئەوەشدا سیناریۆی چەندین شانۆگەری و کورتە فیلم نووسیوە و لە کۆتا کاریدا، نووسین و دەرهێنانی بۆ كورتە فیلمی "ماسكی چوارەم" کردووە. خوێندكاری ماستەر بوو لە بەشی فیملسازی لە زانكۆی سەڵاحەدین و ئەمساڵ ساڵی یەكەمی بوو.