خوێندكارانی پۆلی 12 لە سلێمانی: سەرمان لێ شێواوە و نازانین چی بكەین

:: PM:08:55:18/11/2023 ‌

ماوەی مانگێكە چەند قوتابخانەیەك لە سنووری پارێزگەی سلێمانی، كە قوتابی پۆلی 12ی ئامادەییان هەیە، دەستیان بە وانەگوتنەوە كردووە و خوێندكاران هەفتەی پێنج رۆژ دەچنە قوتابخانە، بەڵام گرفتی گەورەی خوێندكارانی ئەو قۆناغە ئەوەیە بەشێك لە مامۆستایان دەوام دەكەن و بەشێكیش تا ئێستە ئامادەنین بچنە قوتابخانەكان و وانە بڵێنەوە، خوێندكارانیش ئاماژە دەكەن كە سەریان لێ شێواوە و نازانن چی بكەن.

بایكۆتی خوێندن لە سنووری پارێزگەی سلێمانی زیاتر لە هەشت هەفتەی تەواو كردووە و دەیان هەزار خوێندكار چاوەڕێی كردنەوەی دەرگەی قوتابخانەكان دەكەن، بەشێك لەو قوتابخانانەی پۆلی 12یان هەیە، چەند مامۆستایەك دەوام دەكەن و بەشێكیش تا ئێستە ئامادەنین دەوام بكەن، خوێندكاران چەند وانەیەك دەخوێنن و مامۆستای چەند وانەیەكیش تا ئێستە ئامادەنین دەوام بكەن، واتە ئەو خوێندكارانە بە شێوەی كەموكورتی وانە دەخوێنن.

گەشین هێمن، خوێندكارێكی پۆلی 12ی زانستییە بە "وشە"ی راگەیاند، دوو هەفتە پێش ئێستە داوامان لێ كرا بچینەوە بۆ قوتابخانە گوایە دەست بە گوتنەوەی وانە دەكرێت، دوای ئەو دوو هەفتەیە لە وانەخوێندن، تا ئێستە دوو مامۆستای وانەكان ئامادەنین بێنە قوتابخانە و وانە بڵێینەوە، واتە چەند وانەیەك دەخوێنین و هەندێكیش ناخوێنێن و وانەكان بە سەر دوو بەشەدا دابەش بوون، ئەوانەی مامۆستا هاتووە دەخوێندرێن، ئەوانەشی مامۆستایان نەهاتووە ناخوێندرێن، بۆیە دۆخێكی زۆر خراپ رووی تێ كردووین.

زیاتر گوتی، نازانین لەو دۆخەدا چی بكەین، كە رەنگە نەكردنی دەوام باشتر بێت نەك بەو شێوەیە كەموكورتی و نیوەچڵ، نازانین بەردەوام بین یان وازبێنین و بە دیار بڕیاری كردنەوەی قوتابخانەكان و دەوامی ئاسایی دانیشین، بۆیە ئەو وانانەی لە قوتابخانە نایانخوێنین، بە ناچاری رۆژانی هەینی و شەموو كە دەوام نییە بەشداری خولی تایبەتی دەكەین لە دەرەوەی قوتابخانە، بەڵام ئەمە هیچ سوودی نییە و بە خێرایی دەڕوات و كاریگەریی نابێت، بۆیە دوای هەشت هەفتە هێشتا هیچ ئاسۆیەك بۆ خوێندكارانی پۆلی 12ی ئامادەیی دیار نییە.

هەر پێوەست بەو بابەتە خەندە نەوزاد، خوێندكارێكی تری پۆلی 12ی ئامادەییە بە "وشە"ی گوت، رۆژی وا هەیە دەچین بۆ قوتابخانە و دوو وانە دەخوێنین و دەگەڕێینەوە، خوێندن بە دوو وانە و سێ وانە ناكرێت، یان چوار مامۆستا وانە بڵێنەوە و سیانی تر بە ناوی بایكۆتەوە وانە نەڵێنەوە، یان ئەوەتا بە یەكجاری بایكۆت بكەن یان كە دەرگەی قوتابخانەكە كراوەتەوە با مامۆستایان هەموویان وانەی خۆیان بڵێنەوە، دەزانین مامۆستا داواكاریی هەیە و مافی خۆیەتی، بەڵام خوێندكاریش هیچ تاوانێكی نییە، لەوكاتەدا ئێمە زیاتر لە مامۆستایان نیگەرانین و تووشی راڕایی بووین، نازانین چارەنووسی ئەمساڵمان چی بەسەر دێت، دەوام دەست پێ دەكاتەوە یان رادەگیرێت، ساڵنامەی خوێندن درێژ دەكرێتەوە یان پرۆگرام كەم دەبێتەوە.

ئیبراهیم میرزا، مامۆستایە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، قۆناغی 12ی ئامادەیی بۆ خوێندكار  و مامۆستایانیش قۆناغێكی تایبەت و گرنگە، ئەو خوێندكارانە ماوەی چەند ساڵێكە دەخوێنن و چارەنووسی خوێندنی چەند ساڵەیان بەمساڵەوە بەستراوەتەوە، گرنگە بۆیان ئەمساڵ خوێندنێكی باش بكەن و نمرەیەكی باش بە دەست بێنن، هاوكات نابێت تووشی رارایی و نیگەرانی بن و پێویستە حاڵەتێكی دەروونی باشیان هەبێت تا بتوانن ئەمساڵ باش بخوێنن و ئەنجامێكی باشیان هەبێت، بەڵام مامۆستایانیش مافی خۆیانە، ئەگەرنا مامۆستا پێی خۆش نییە خوێندكار و قوتابییەكانی بكەونە ئەو حاڵەتەوە.

جێگەی باسە بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرزی یەكەمی خوێندن كۆتایی هات، كەچی بەهۆی بایكۆتی مامۆستایان لە سنووری پارێزگەی سلێمانی وەرزی یەكەم نەخوێندرا و تا ئێستەش هیچ قەرەبوویەك بۆ خوێندكاران نییە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل