شاسوار و بافڵ ترسیان لە سوپرایزەكەی لاهوور شێخ جەنگی لێ نیشتووە

:: PM:07:32:19/11/2023 ‌

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە لە مانگی شوباتی ساڵی نوێ دێتە سازكردن، لاهوور شێخ جەنگی دەستی بە جووڵە كردووە، لە ناوخۆ بە پڕۆژەیەكی گەورەی میدیایی و لە دەرەوەش بە دروستكردنی لۆبی، ئەوەش ترسی لای بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید دروست كردووە.

بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە"، بەهۆی نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ماوەی چەند رۆژێكە لاهوور شێخ جەنگی بە سەردانێكی نهێنی لە دەرەوەی كوردستانە، چەند دیدار و چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ بەرپرسانی چەند وڵاتێكی ئەوروپایی و عەرەبی ئەنجام داوە، مەبەستی سەرەكیی سەردانەكانیشی، بۆ دروستكردنی لۆبی و بەدەستهێنانی پشتگیریی ناودەوڵەتییە بۆ لیستەكەی، كە بڕیارە بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان بكات.

هاوكات لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش كەناڵێكی ئاسمانی دەكاتەوە، كە ناوەكەی لای "وشە" پارێزراوە و دەیەوێ مۆڵەتی لە وەزارەتی رۆشنبیریی حكوومەتی عێراق بۆ وەربگرێت، بەڵام كەناڵەكە دەستی بە وەرگرتنی كارمەند و میدیاكار كردووە و خولی تایبەتی راهێنانیان بۆ كراوەتەوە، مەبەستیانە پێش كەناڵ هەشتی سەرۆكی یەكێتی دەست بە پەخشی فەرمی بكەن.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەكانی "وشە"، ئەو جووڵانەی لاهوور شێخ جەنگی، ترسێكی گەورەی لای بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دروست كردووە، بە بردنی ژمارەیەكی زۆر لە دەنگ و كورسییەكانی یەكێتی لە زۆنی سەوز و نیلی دەزانن.

لەوبارەوە عیماد محەمەد، چاودێری سیاسی بە"وشە"ی راگەیاند، هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە سوپرایزی ئەمجارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لیست و كورسییەكانی لاهوور شێخ جەنگی دەبێت.

ئاماژەی بەوەش دا كە هەر كاتێك سەركردەیەكی سیاسی جووڵەكانی بە نهێنی دەست پێ كرد، ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە بە نیازی كارێكە و بۆ دروستكردنی كاریگەری دێت، پێ دەچێت بە نزیكبوونەوەی كاتی هەڵبژاردنەكان، لاهوور شێخ جەنگی بۆ بەهێزكردنی لیستەكەی پێوەندی بە ژمارەیەك سەركردەی ناڕازی و سەربازیی یەكێتییەوە بكات.

هاوكات سەرچاوەیەكی تەناهی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە "وشە"ی گوت، ئەو هەڵمەتە سەربازییەی لە چەند شەوی رابردوو لە چەند ناوچەیەكی سنووری پارێزگەی سلێمانی لە لایەن هێزە تەناهییەكانی یەكێتییەوە بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی بۆ گرتنی چەند پلەدارێكی سەربازیی یەكێتی ئەنجام دران، پێوەندی بەو زانیارییانەوە هەبووە كە ئەوانە لە ژێرەوە كار بۆ سەرخستنی لیستەكەی لاهوور دەكەن.

لە دوای رووداوەكانی هەشتی تەمووزەوە، ئاماژەكان بە ئاراستەی ئاوابوونی خۆری سیاسیی لاهوور شێخ جەنگی چوون، بەڵام ئەو بە نهێنی و ئاشكرا لەسەر گەیشتن بە ئامانجەكانی بەردەوام بووە و بە سوپرایزی ئەمجارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری دادەنرێت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت