هێزە تەناهییەكانی ئێران، مامۆستا حەسەن فەتحیی پێشنوێژی مزگەوتی گوندی قازڵیانی لە شاری بۆكان دەستبەسەر كرد و تا ئێستەش چارەنووسی نادیارە، ئەوە لە كاتێكدایە پێشتریش لە كاتی خۆپێشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا گیرابوو.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە، ڕۆژی شەموو مامۆستا حەسەن فەتحی خزرلەك، چالاك و پێشنوێژی مزگەوتی گوندی قازڵیانی لە شاری بۆكان، لەلایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر كراوە و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕوونی كردەوە كە هۆكارەكانی دەستبەسەركردن و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی، تا ئێستە هیچ زانیارییەكمان لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونەكانی بنەماڵەكەی لەو بوارەدا بە بێ ئاكام ماوەتەوە.
مامۆستا حەسەن فەتحی خزرلەك كە لە كاتی خۆپێشاندانەكانی "ژین، ژیان، ئازادی”ی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا، لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە دەستبەسەر كرا، پاش دوو مانگ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی كاتی ئازاد كرابوو.