سوودانی‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ وه‌زیره‌كانی‌ حه‌لبووسی‌ ره‌ت كرده‌وه‌

:: PM:03:52:20/11/2023 ‌
محه‌مه‌د شیاع سوودانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق، ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ وه‌زیره‌كانی‌ حه‌لبووسی‌ ره‌ت كرده‌وه‌ كه‌ دوای‌ لادانی‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان، وه‌زیره‌كانی‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌یان پێشكه‌ش كردبوو. 

ئه‌مڕۆ دووشه‌م 20ی‌ تشرینی‌ دووه‌م، باسم عه‌واد گوته‌بێژی‌ حكوومه‌تی‌ عێراق، له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا باسی‌ له‌وه‌ كردووه‌، وه‌ك دووپاتكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ڕێبازی حكوومه‌ت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی نوێنه‌رایه‌تیی سیاسی بۆ هه‌موو ڕۆڵه‌كانی گه‌ل به‌ پێكهاته‌ و هێزه‌ سیاسییه‌كانیانه‌وه‌، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی وه‌زیرانی "پلاندانان و پیشه‌سازی و ڕۆشنبیری" ڕه‌ت كرده‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ به‌وپێیه‌ ده‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ كاره‌ جێبه‌جێكارییه‌كانیان بۆ خزمه‌تكردن.

رۆژی‌ سێشه‌م 14ی‌ تشرینی‌ دووه‌م، دادگای فیدراڵی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ، بڕیاری كۆتاهێنانی ئه‌ندامیه‌تیی محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقی ده‌ركرد، ئه‌و بڕیاره‌ی لێكه‌وتی گه‌وره‌ی سیاسی له‌ ناو ماڵی سوننه‌ و حزبه‌كه‌ی حه‌لبووسی و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كانی ده‌بێت، دواتر حه‌لبووسی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ به‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌ ناو برد و له‌ كاردانه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌یش وه‌زیره‌كانی‌ له‌ناو حكوومه‌ت ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌یان پێشكه‌ش كرد.



وشە - وشه‌