ئەمڕۆ دووشەم 20ی تشرینی دووەمی 2023، نەبیل مەرسوومی پسپۆری ئابووری لە پێگەی كۆمەڵایەتیی خۆی ئاشكرای كرد، عێراق لە ساڵی 2022دا بە بڕی پێنج ملیار دینار خەل و ترشیاتی هاوردەكردووە و لەگەڵ بڵاوكراوەكەشیدا پرسیویەتی "ئەی ترشیاتی نەجەف چیە؟" .
نەبیل مەرسوومی ئابووریناسی عێراقی رۆژانە لە پێگەی كۆمەڵایەتیی فەیس بووك، سەمەرەی جولە ئابوورییەكانی عێراق بڵاودەكاتەوە، دوێنێ ئاشكرای كرد، عێراقییەكان ساڵانە بە بڕی 15 ملیۆن دۆلار واتە زیاتر لە 21 ملیار دیناری عێراقی "ئیندۆمی"یان هاوردە كردووە، ئەمڕۆش لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ناوبانگی ترشیاتی موسڵ و نەجەف باس لەوە دەكات كە تەنیا لە ساڵی 2022 عێراق بە بڕی پێنج ملیار دینار ترشیاتی هاوردە كردووە.
لای شارەزایان ئەم جۆرە هاوردەكردنانە جێگەی سەرسڕمانن، چونكە كەرستەی سادەن و دەكرێت لە ناوخۆی عێراقدا دروست بكرێن، بەتایبەتی ترشیات كە كەرستەكانی لە ناوخۆدا بەردەستن و هەر لە ماڵەوە دەتوانرێت ئامادە بكرێت و چوار ملیۆن دۆلار بۆ هاوردەی ترشیات شایستەی ئەوە نییە لە عێراق بچێتە دەرەوە.