تاوەباران دەگەڕێتەوە و كەشوهەوا دەگۆڕێت

:: PM:07:11:04/06/2024 ‌
كەشناسێكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، تاوەبارانی ماوەكورت و هەورەبرووسكە كۆتایی نەهاتووە و بارانبارین دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەم چواری حوزەیران، هەڤاڵ گڵۆزەیی شارەزای كەشناسی بە "وشە"ـی راگەیاند، بەگوێرەی پێشبینییەكانی دەزگای كەشناسیی ئەوروپی و ئەمەریكی و كەندی لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بە دیاریكراوی لە ڕۆژی شەموو كەشێكی ناسەقامگیر ڕوو لە ناوچە شاخاوییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.

زیاتر گوتی، شەپۆلێكی تاوەبارانی ماوەكورتی مامناوەند، لەگەڵ هەورەبرووسكە ئەو ناوچانە دەگرێتەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بە پچڕپچڕی بەردەوام دەبێت.

باسی لەوەشكرد، لە ناوەڕاستی هەفتە كاریگەریی شەپۆلەكە زیاتر دەبێ، ئەگەری هەیە فراوانتر بێت، هەروەها بارانبارین و هەورەبرووسكە تەواو سەنتەری شارەكانی هەرێمی كوردستان و بەشێك لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش بگرێتەوە.

هاتنی ئەو شەپۆلی بارانبارینە لە كاتێكە ئەمساڵ هەرێمی كوردستان دووهێندەی ساڵی رابردوو بارانی تێدا باری، بۆیە بە بارینی ئەم بارانەش ئەوا سوودی بۆ كشتوكاڵی ناوچە كوێستانییەكان دەبێت.


وشە - رامیار جەواد