رەنگە زۆر كەس پێی وابێت كە لە ژیاندا پارە لە هەموو شتێك گرنگترە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەتوانرێت لە رێگەی پارەوە زۆربەی كێشەكان چارەسەر بكرێن یان پێش لە روودانی بگیرێت، ئەگەر پارە هەبێت مرۆڤ ناچاری بەریەككەوتن لەگەڵ كێشە و ناخۆشییەكان و ماندووبوونی زۆر نەبێت، ئەگەر نەخۆشیش كەوت، چارەسەری ئاسانتر و بەردەستتر دەبێت، جیا لە پێگە كۆمەڵایەتی و رێزلێگرتنی كۆمەڵگە، راپۆرتێك باسی هەندێك شت دەكا كە لە پارە گرنگترن.
ماڵپەڕێكی ئەمەریكی لە راپۆرتێكیدا باسی ئەوە دەكات كە سەرەڕای باوەڕی هەندێك كەس، بەڵام پارە ناتوانێت هەموو شتێك بۆ مرۆڤ دابین بكات، لە خوارەوە 15 شت هەن كە ناتوانرێت ئەوانە بە پارە بكڕدرێن، واتە لە پارە گرنگترن ئەوانیش:
*تەندروستی، گرنگترین سەرمایەی مرۆڤە و هیچ بڕە پارەیەك ناتوانێت تەندروستیی جەستە و مێشك و دەروون بكڕێت.
*پێوەندیی خێزانی، كە بریتین لە بنەمای پاڵپشتیی سۆزداریی مرۆڤ، خێزان بە پارە بەراورد ناكرێت، لەوانە پێگە و هەستی خۆشەویستی بۆ دایك و باوك و لەئامێزگرتن و خۆشی و پێكەنینی هاوبەشی ناو خێزان.
*هاوڕێیەتی، پێوەندییەكانی مرۆڤ ئەوانەش سامانن، بەتایبەتی هاوڕێی راستەقینە، كە بەشداری لە خۆشی و ناخۆشی مرۆڤ دەكەن و پێوەندییەكە لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەكتر بنیات نراوە.
*ئارامیی دروون، واتە هێمنی ناوخۆیی مرۆڤ و هەستكردن بە رازیبوون لەخۆ و ئاشتیی ناوخۆیی و هەستكردن بە حەسانەوە و هێمنی و ئارامیی ناوەوە.
*كات، كات كە رۆیشت گەڕانەوەی بۆ نییە، بۆیە بەهاكەی بە پارە بەراورد ناكرێت.
*خۆشەویستی، بەرزترین هەستەكانی مرۆڤە و خۆشەویستیی راستەقینە ناكڕدرێت، لەوانە خۆشەویستی ناو خێزان یان هاوسەر یان لەگەڵ هاوڕێیان.
*زانیاری و دانایی، واتە هەوڵدانی مرۆڤ بۆ فێربوون، كە دەرگەی ژیان و سوودبینی لە كات و گەیشتن بە ئامانجەكان و پارەی بۆ دەكاتەوە.
*ئازادی، واتە ئازادی لە ژیان و بڕیاردان و هەڵبژاردن، ئازادیی كەسی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە خۆشی و بنیاتنانی دروستی كەسایەتی و بەرجەستەكردنی خودی مرۆڤ و بەدیهێنانی خەونەكانی.
*رێزگرتنی خود، واتە ددانان بە بەهای مرۆڤ لەلایەن خۆیەوە و رێزگرتنی كەسانی تر لەسەر ئەو بنەمایە.
*داهێنان، لە پارە گرنگترە، چونكە داهێنان سەرمایەی خەیاڵە و ئەگەر مرۆڤ ئەوەی هەبێت دەوڵەمەندە.
*جوانیی سروشت، ئەو جوانییەی لەناو سروشتدا هەیە بە پارە ناكڕدرێت، جیا لەوەی وەرگرتنی چێژ لەو سروشتە ئەوەش پێوەست نییە بە پارەوە، بێنە پێش چاوت لە سروشتێكی جوان و ئارامیت دوور لە جەنجاڵی و ژاوەژاوی ژیان، ئەوەیە سەرچاوەی نوێبوونەوە و چاكبوونەوە.
*پێكەنین و خۆشی، ئەوانە رووناكی ژیانن، وەك تیشكی خۆر ژیانی مرۆڤ رووناك دەكەنەوە، گەرمی بە ژیانمان دەبەخشن و تاریكی لەناو دەبەن، بۆیە زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بگوترێت كە پێكەنین باشترین دەرمانە بۆ مرۆڤ و لەو رێگایەوە رارایی نەمێنێت و میزاجی مرۆڤ باشتر بێت، بۆیە بوونی كەسانی قسەخۆش رۆڵی زۆرە و ئەویش ناتوانرێت بە پارە بكڕدرێت.
*ئامانج و سۆزداری، بریتین لە پاڵنەر بۆ سەركەوتن، چونكە ئامانج و سۆزداری سووتەمەنی مرۆڤن لە رێگەی گەیشتن بە سەركەوتن لە ژیان، لەوانەش لە دەستكەوتە داراییەكان.
*هاوسۆزی، هاوسۆزی ئەو پردەیە كە مرۆڤ بە دەوروبەرەكەی دەبەستێتەوە، بەتایبەتی كەسانی نزیك و ناسیاو و هاوڕێ و دۆستانی، رێگە بەوە دەدات بۆ لێكگەیشتن و هاوبەشكردنی هەستە جیاوازەكان، بۆیە ئەوە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ بنیاتنانی پێوەندیی ئامانجدار و تێگەیشتنی دنیا و لێ تێگەیشتنی مرۆڤ، بە كورتی مرۆڤ خۆی دەخاتە شوێنی كەسی بەرانبەر و لەسەر ئەو بنەمایە رەفتار و قسە و هەڵسوكەوت دەكا و لە هەستەكانی تێدەگات.
*میرات، نەك تەنیا پارە، هەموو ئەو شتانەی لەدوای خۆتی جێدێڵیت، واتە شوێنپەنجە و كاریگەری و دەستكەوتەكانت لە دەوروبەر، واتە چۆن ژیایت و رۆڵت چی بووە، ئەوەش لە پارە بەهادارترە.
راپۆرتەكە باسی ئەوە دەكات كە راستە پارە بەشێكی پێویستی ژیانی مرۆڤە، بەڵام گرنگترین شت نییە و هەموو كات تاكە رێگەی خۆشی و سەركەوتن نییە، چونكە تەندروستی و خێزان و ئارامیی دروونی و مێشك و خۆشەویستی و زانیاری و ئازادیی مرۆڤ و رێزگرتنی لە خۆی و ئەفراندن و داهێنان و سروشتێكی جوان و خەندە و دڵخۆشی و پێكەنین و سۆزداری و هاوسۆزی، هەموو ئەوانە لە پارە گرنگترن و بەهایان بە پارە دیاری ناكرێت، بۆیە پێویستە مرۆڤ پارێزگارییان لێ بكات و زیاتر لە پارە هەوڵیان بۆ بدات.