رەنگە زۆرێك ئەوە بزانن كە وەڵامی ئەو پرسیارە لای دوو كەس و لایەن دەست دەكەوێت، یەكەم رابەری باڵای شۆڕشی ئێران، دووەم سندووقەكانی دەنگدان، كە ئەوەی دووەمیش هەر دەبێت بە فلتەری رابەر و سوپای پاسداراندا تێپەڕ بێت، ئەوەش شتێكی نوێ نییە و لە دوای شۆڕشی 1979ی ئێران هەر بەو شێوەیە رۆیشتووە، سەركردەیەكی ئێرانی پێشبینییەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتە و براوەی پرۆسەكە ئاشكرا دەكات.
دوای گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێران بەهۆی تێكشكانی هەلیكۆپتەرەكەی لە 19ی ئایاری رابردوو، بڕیار درا لە 28ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی بەڕێوە بچێت بۆ شوێنگرتنەوەی سەرۆكی كۆچكردوو، ئێستەش شەش كاندید ركابەری لەسەر پۆستەكە دەكەن.
موحسین هاشمی، سەرۆكی ئەنجوومەنی ناوەندیی حزبی "كەوادر بینا"، یەكێك لە حزبە ریفۆرمخوزاە دیارەكانی ئێران، هاوكات كوڕی گەورەی عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسنجانی، سەرۆكی پێشووتر و كۆچكردووی ئێران، كە حزبەكەی پاڵپشتی لە مەسعوود پزشكیان، تاكە كاندیدی ریفۆرمخواز لەناو شەش كاندیدەكەی سەرۆكایەتی دەكات، گوتی، ئەگەر هاتوو رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە 40% كەمتر بێت، سەعید جەلیلی، كاندیدی توندڕۆی پارێزگار دەیباتەوە، ئەگەریش گەیشتە 50%، ئەگەری هەیە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمان لە یەكەم گەڕدا بیباتەوە، كە ئەویش پارێزگارە، رێژەی بەشداریكردن بگاتە 60% هەلی بردنەوەی مەسعوود پزشكیان زۆر دەبێت.
روونی كردەوە، لەو دۆخەی ئێستە لەبەردەم یەك تاكە سیناریۆداین، یەك كاندیدی ریفۆرمخواز بەرانبەر بە پێنج كاندیدی پارێزگار، واتە یەكێك ركابەری پێنج كەس دەكات، ئەگەر مورتەزا پوورمحەمەدی، كاندیدی پارێزگار پاشەكشە بكات، بۆ لەمەودوا ناتوانین لێكدانەوە بۆ دەنگەكان بكەین، سەبارەت بە ئەگەری بردنەوەی پزشكیان، روونی كردەوە كە بەپێی راپرسییەكان رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران بۆ سەرووی 50% بەرز دەبێتەوە، بۆیە دەكرێ هەوڵ و گوتارەكانی ئەو سەركەوتن بۆ ریفۆرمخوازان فەراهەم بكات.
بەپێی سەرچاوە ریفۆرمخوازەكان، دوای رەزامەندیدان لەسەر كاندیدبوونی مەسعوود پزشكیان، ئەو هەنگاوە وەك هەڵسەنگاندنێكی ئەرێنی بوو بۆ محەمەد خاتەمی، سەركردەی ریفۆرمخواز و بەرەی چاكسازی، كە رەنگە بەشێكی كەمی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور پاڵپشتییان لە كاندیدبوونی كردبێت، چونكە خاتەمی و بەرەكەی پرەنسیپی بەشداریی مەرجداریان لە هەڵبژاردن كرد.
ناوەندی راپرسیی گشتیی قوتابیانی ئێران (ئیسپا)، راپۆرتێكی لەوبارەوە بڵاو كردەوە، ئیبراهیم شیرعەلی، بەڕێوەبەری ناوەندەكە دووپاتی كردەوە كە 44.4%ی هاووڵاتییان بەشداری لە دەنگدان دەكەن، ئەوانەی ئەگەری بەشداریكردنیان هەیە 7.3%یە و 14%ش بڕیاریان نەداوە بەشداری دەكەن یان نا و 28.7%ش بەشداری ناكەن.
تا ئێستە 13 جار هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە ئێران ساز كراوە، لە 1980 دەستی پێ كردووە و دوایین جاریش لە 2021 بوو، رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی ئێران بەو شێوەیە بووە، یەكەم خول 67.4% و دووەم خوڵ 64.2% و سێیەم خول 74.3% و چوارەم خولی 54.8% و پێنجەم خول 54.6% و شەشەم خول 50.7% و حەوتەم خولی 79.9% و هەشتەم خول 66.8% و نۆیەم خول 59.8% و دەیەم خول 84.6% یازدەم خول 72.7% و دوازدەهەم خول 73% و سێزدەهەمیش 48.8% بوو، ئەوەشی 28ی ئەم مانگە 14مین خولە ساز دەكرێت.
لای خۆیەوە محەمەد رەزا میرتاجەدینی، سەركردەی پارێزگار و پەرلەمانتاری پێشوو رای گەیاند كە ئەگەر لەو هەڵبژاردنەی سەرۆكایەتی هاوپەیمانی نەكەن، هەر پێنج كاندیدەكەی پارێزگاران دەدۆڕێن، ئەو كاندیدە رەتكراوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی گوتی، پێشبینی دەكەین كە كاندیدانی بزاوی شۆڕشی ئیسلامی هاوپەیمانی بكەن، ئەگینا لە بەرانبەر مەسعوود پزشكیان، كاندیدی ریفۆرمخواز شكست دێنن.
ئێستە پارێزگاران پێنج كاندیدیان هەیە، ئەوانیش سەعید جەلیلی و محەمەد باقر قالیباف و ئەمیر حوسێن قازیزادە هاشمی و عەلی رەزا زاكانی و مستەفا پوور محەمەدین، لە بەرانبەردا ریفۆرمخوازان یەك كاندیدیان هەیە، ئەویش پەرلەمانتار مەسعوود پزشكیانە، كە تەواوی ریفۆرمخوازان پاڵپشتی لێ دەكەن، لەوانە محەمەد خاتەمی و حەسەن رەوحانی.
تاجەدینی دووپاتی كردەوە، ئەگەر كاندیدی پارێزگاران هاوپەیمان نەبن و هەندێكیان بۆ بەرژەوەندیی كاندیدە بەهێزەكانیان پاشەكشە نەكەن، بەدەستهێنانی دەنگی جەماوەر لەو هەڵبژاردنە پێشوەختەی سەرۆكایەتی زەحمەت دەبێت، چونكە كاری ریفۆرمخوازان و پزشكیانی كاندیدیان ئاسانتر دەكات، راستە هەموو كاندیدانی پارێزگاران كەسی بەرێز و قبووڵكراون، بەڵام پێشبینی دەكەین لە كۆتادا وەك كاندیدی بزاوی شۆڕش پاڵپشتی لەو كاندیدە بكەن كە ئەنجامی باشتر دەستەبەر دەكات.
هەر پێنج كاندیدەكەی پارێزگار بۆچوونیان لەبارەی رێككەوتنی ئەتۆمی و پێوەندییە دەرەكییەكانی ئێران و سیاسەتەكانی ناوخۆ لە یەكتر نزیكە، هەرچی مەسعوود پزشكیانی تاكە كاندیدی ریفۆرمخوازە، كە لە دووەم ماوەی حكوومەتی محەمەد خاتەمی، وەزیری تەندروستی بووە، لایەنگری رێككەوتنی ئەتۆمییە، ئەو لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران پێی وایە دەبێت تاران پێوەندی لەگەڵ تەواوی دنیا جگە لە ئیسرائیل هەبێت، كە رەنگە ئەوانەش لەگەڵ سیاسەتەكانی رابەر و سوپای پاسداران نەڕۆن.