پێوەندیی نێوان كێشەی دەروونی و نەخۆشییەكانی دڵ چییە؟

:: PM:09:22:12/06/2024 ‌

ئاشكرایە كە نەخۆشییەكانی دڵ مەترسیدارن، چونكە كار دەكەنە سەر گرنگترین ئەندامی لەشی مرۆڤ ئەویش دڵ، كە ئەگەر بوەستێت واتە كۆتاهاتنی ژیان، كاریگەرییە جەستەییەكانی دروستبوونی كێشە لە دڵ دیارن، بەڵام كاریگەرییە دەروونییەكانی چین؟

كۆمەڵەی دڵی ئەڵمانی وریایی لەوە دەدات كە تووشبوون بە نەخۆشی دڵ، رەنگە كاریگەریی نەرێنی بكاتە سەر حاڵەتی دەروونی نەخۆشەكە، كاتێك نەخۆشی دڵ تووشی شێوانی دوای شۆكبوون دەبێت، لەوانە ترس و رارایی و نیگەرانی و شێوانی نوستن و مۆتەكە و تێكچوونی میزاج تا گەیشتن بە تووشبوون بە خەمۆكی. 

دامەزراوە ئەڵمانییەكە زیاتر دەڵێت، پێویستە دوای دەركەوتنی ئەو نیشانانە سەردانی پزیشكی دەروونی بكرێت، چونكە ئەوانە قورسایی زیاتر دەخەنە سەر دڵ و زیاتر شەكەتی دەكەن، واتە دۆخی تەندروستیی نەخۆشەكە ئەوەندەی تر تێك دەچێت.

بەگشتی بوونی كێشەی دڵ لە هەر كەسێك چوار نیشانەی سەرەكیی هەیە، یەكەم، ئاوسانی قاچەكان، ئاوسانەكە بەردەوام یان جار جارە دەبێت، ئازاری سینگ و لە پشتەوەی قەفەزی سینگ و بەرەو شەویلاك و قۆڵ و باسك و بەشی سەرەوەی پشت هەڵدەكشێت، شەكەتی و ماندووبوونی بەردەوام، ئەو كەسە ناتوانێ وەرزشی ئاساییش ئەنجام بدات، چونكە خوێن وەك پێویست ناگاتە بەشەكانی لەش، ناڕێكیی لێدانی دڵ، كە بەهۆی جەڵتە و مەینی خوێنەوە دروست دەبێت، ئەو كەسە هەست بە سووتانەوەی سنگی دەكات، بۆیە ئەگەر ئەو نیشانانە بەردەوام بوون، بەتایبەتی لە حاڵەتی هەبوونی نەخۆشی شەكرە یان بەرزیی پەستانی خوێن، پێویستە سەردانی پزیشكی شارەزا بكرێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل