بەرپرسێكی ئێرانی ئاشكرای كرد، كە پلانێك هەیە بۆ دروستكردنی وێستگەیەك بۆ كاڵا ئێرانییەكان لە هەرێمی كوردستانی عێراق، هاوكات نیازی وڵاتەكەیشی پشتڕاست كردەوە بۆ دامەزراندنی ناوەندێكی هەرێمی بۆ دابەشكردنی كاڵای ئێرانی و گەیاندنی بە چەند وڵاتێكی وەك توركیا، ئوردن و سووریا.
محەمەد سادق موعتەمیدیان پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوا لە ئێران رای گەیاند، قەبارەی هەناردەكردن لە رێگەی مەرزی "تەمەرچین - حاجی ئۆمەران" لە پیرانشارەوە دەگاتە ملیارێك دۆلاری ساڵانە و لە حكوومەتی ئێستەیشدا هەوڵی فراوانكردنی ژێرخانى پێویست دراوە بۆ زیاتر كردنی قەبارەی هەناردە كردن.
موعتەمیدیان ئاماژەی دا كە قەبارەی هەناردەكردن بە رێژەی %250 گەشەكردنی بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەت لە كاتی رێوڕەسمەکانى چلەی حوسەینییە لە سنووری "تەمەرچین - حاجی ئۆمەران" و گوتیشی، لەم مەرزەدا بەراورد بە مەرزەكانی تر قەبارەی هەناردەكردن بە خێرایی گەشە دەكات.
پارێزگاری ئازەربایجان ئەوەیشی گوت، پلانمان هەیە كە وێستگەیەك بۆ كاڵا ئێرانییەكان لە هەرێمی كوردستان دروست بكەین، هەرێمی كوردستان بكەین بە ناوەندێكی گرنگی دابەشكردنی كاڵا ئێرانییەكان و گەیاندنی بە چەندان وڵاتی وەك توركیا، ئوردن و سووریا.
موعتەمیدیان روونیشی كردەوە، گەیشتنی ئێران بە دەریای سپی گرنگە بۆ وڵاتەكە، ئامادەكاریش بۆ ئەمە لە ئێستادا دەستی پێ كردووە و پلانی ستراتیجیش دانراوە لە ماوەی 20 ساڵی داهاتوودا، تاران بە سووریا و دەریای سپیی ناوەڕاست ببەسترێتەوە لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە.