رێگریی دەكرێ گۆرانیبێژێكی كەنەدی لە قاهیرە ئاهەنگ ساز بكات

:: PM:01:09:15/06/2024 ‌
دوای ئەوەی گۆرانیبێژێكی دیاری كەنەدی رای گەیاند، لە داهاتوویەكی نزیكدا ئاهەنگ لە قاهیرەی پایەتەختی میسر ساز دەكات، هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە  لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، داوا دەكەن رێگریی بكرێ ئەو گۆرانیبێژە لە وڵاتەكەیان ئاهەنگ ساز بكات، چونكە پاڵپشتی لە ئیسرائیل لە دژی فەلەستینییەكان دەكات.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 15ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، بلۆندیش كە گۆرانیبێژێكی دیاری كەنەدایە، لەڕێی ئینستاگرامەوە بڵاوی كردووەتەوە، لە 26ی یۆلیۆ ئاهەنگێكی گەورە لە قاهیرە ساز دەكات. دوای ئەو راگەیاندنە هاووڵاتییانی میسر لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، داوا دەكەن رێگریی لەو گۆرانیبێژە بكرێت بێتە وڵاتەكەیان، چونكە بەڕوونی پاڵپشتی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینییەكان دەكات.

بۆ ئەو مەبەستە عەمرو عەبدولسەلامی پارێزەر، هۆشداریی رژدی بۆ مستەفا كامل نەقیبی سەندیكای موزیكوانانی میسر ناردووە و داوای لێ كردووە، بەهیچ شێوەیەك رێ بە بلۆندیش نەدرێ بەمەبەستی سازكردنی ئاهەنگ روو لە میسر بكات، چونكە ئەو بە روونی دژایەتیی فەلەستین دەكات و پاڵپشنی لە ئیسرائیل دەكات.

ئەو پارێزەرە بۆ نەقیبی سەندیكای موزیكوانان نووسیویەتی، دوای ئەوەی ئەو گۆرانیبێژە كەنەدییە رای گەیاند كە لە 26ی یۆلیۆ ئاهەنگ لە قاهیرە ساز دەكات، تووڕەیی میسرییەكان، تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی بە فراوانی گرتووەتەوە و داوا دەكەن رێگریی لەو ئاهەنگە بكرێت، ئەو بەڕوونی پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەكات كە بووەتە هۆی كۆمەڵكوژیی فەلەستینییەكان.

تا ئێستە دیار نییە وەڵامی ئەو سەندیكایە بۆ پارێزەرەكە و هاووڵاتییانی میسر چی دەبێ، بەڵام ئەگەری زۆرە رێ بە سازكردنی ئەو ئاهەنگە نەدرێت، بەلای كەمەوە بەهۆی سەلامەتیی گۆرانیبێژەكە و هاوكارانی كە دوور نییە بەهۆیەوە توندوتیژی بێتە كایەوە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د