"ئه‌و كه‌سه‌ی‌ ده‌بێته‌ هاوسه‌رم ده‌بێت من و هونه‌ركه‌می‌ بوێت"

:: PM:06:20:15/06/2024 ‌
هایا محه‌مه‌د خانمه‌ گۆرانیبێژ، له‌ ماڵباتێكی‌ هونه‌ردۆست له‌ دایك بووه‌، جگه‌ له‌ هونه‌ری گۆرانیبێژی رۆژانه‌ خه‌ریكی نیگاركێشان و دیزاینی جلوبه‌رگه‌، پێی وایه‌ له‌ ته‌واوی‌ كوردستان جه‌ماوه‌ری تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌.

بۆچی زیاتر ده‌ركه‌وتنه‌كانی تۆ به‌ جلی كوردییه‌وه‌یه‌؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی گۆرانییه‌كانم فۆلكلۆره‌، فۆلكلۆریش ده‌بێت جلی‌ كوردی‌ له‌گه‌ڵ بگونجێنیت، جگه‌ له‌وه‌یش خۆم حه‌ز به‌ جلی كوردی ده‌كه‌م و جلێكی زۆر جوانه‌ به‌لامه‌وه‌، كولتووره‌كه‌مم خۆش ده‌وێت.

گۆرانییه‌كانی تۆ زیاتر شاد و فۆلكۆرن هه‌ست ناكه‌یت جه‌ماوه‌ر هه‌موو حه‌ز به‌و ستایله‌ ناكه‌ن؟
گۆرانییه‌كانم فۆلكلۆرن، به‌ڵام هه‌مووی شاد نین گۆرانیی تایبه‌ت به‌ خۆم هه‌یه‌، ئه‌لبوومێكی خۆم هه‌یه‌ به‌ ناوی "ته‌نیایی" هه‌موویان شاد نین شه‌ش گۆرانی له‌و ئه‌لبوومه‌ باس له‌ خیانه‌ت ده‌كات، چونكه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ خیانه‌ت زۆر بووه‌ و بۆته‌ شتێكی ئاسایی.

چ شتێك وات لێده‌كات ده‌ستبه‌رداری هونه‌ره‌كه‌ت بیت؟
هه‌ركات چویته‌ ناو كاری هونه‌ری حه‌زێكی زۆرت ده‌بێت، تا ئه‌م خوله‌كه‌ یه‌ك دینار پاره‌ی هونه‌ر نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ گیرفانم، به‌ چاوێكی ئاوا سه‌یری هونه‌ر ناكه‌م لایه‌نی مادیم پێ باش بێت و پاره‌ى پێ په‌یدا بكه‌م، هه‌مووی له‌ گیرفانی خۆم خه‌رج ده‌كه‌م، هونه‌ر بۆ حه‌زی خۆم و بۆ دڵی جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌م.

ئامۆژگاری تۆ چییه‌ بۆ ئه‌و خانمانه‌ی‌ تازه‌ دێنه‌ ناو بواری‌ هونه‌ری‌؟
ده‌بێت زۆر به‌هێز بن، چونكه‌ به‌رده‌وام قسه‌ت دێته‌ سه‌ر ده‌بێت باشترین داهێنان بكه‌یت بۆ سه‌ركه‌وتنی كاره‌ هونه‌رییه‌كانت ده‌بێت كاری جوان پێشكه‌ش بكه‌یت كه‌ شایسته‌ی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ت بێت، چونكه‌ ئێسته‌ دنیای هونه‌ر دنیایه‌كی فراوان و گه‌وره‌یه‌ و ده‌بێت كاری گه‌وره‌ش ئه‌نجام بده‌یت بۆ ئه‌وه‌ی جیاواز بیت و جیا بكرێیته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده‌كانی تر. 

خاوه‌نی چه‌ند به‌رهه‌می هونه‌ریت و كاری تازه‌شت چییه‌؟
خاوه‌نی ئه‌لبوومێكی تایبه‌ت بۆ خۆمم به‌ ناوی‌ "ته‌نیایی" هه‌شت گۆرانییه‌، بەرهەمە فۆلكلۆرییه‌كانیشم ئه‌ویش هه‌ر ئه‌لبوومێكه‌. به‌منزیكانه‌یش گۆرانییه‌كم بڵاوبووەوە كه‌ گۆرانییه‌كی فۆلكلۆر بوو و سێ گۆرانی تێكه‌ڵكراو بوو.
 
ئه‌گه‌ر هاوسه‌رگیری بكه‌یت ده‌بێت كه‌سه‌كه‌ كه‌سێكی چۆن بێت؟
من ئه‌وكه‌سه‌م ده‌وێت پشگیری هونه‌ره‌كه‌م بكات، به‌ته‌نیا منی نه‌وێت هونه‌ره‌كه‌م و منی بوێت، من نامه‌وێت كه‌سه‌كه‌ ملیاردێر و خاوه‌ن سه‌یاره‌كی گرانبه‌ها بێت، من كه‌سێكم ده‌وێت له‌ من بگات و هونه‌ره‌كه‌م و منی خۆش بوێت.
 
وشە/ ئەحمەد تاریق


وشە - وشه‌