ژمارەی پێوانەیی خێراترین ئۆتۆمبێلی کارەبایی شکێنرا

:: PM:01:54:17/06/2024 ‌
کارگەیەکی ئۆتۆمبێلسازیی ژاپۆن بە خستنەڕووی ئۆتۆمبێلێکی نوێی کارەبایی توانی لە خێرایی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەدا ژمارەی پێوانەیی بشکێنێت.

کارگەکە بە ئەسپارک  ناسراوە و ئۆتۆمبێلە نوێیەکەی توانای هەیە 438.7 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا ببڕێت و ببێتە خێراترین ئۆتۆمبێلی کارەبایی دنیا.

ناوی ئەو ئۆتۆمبێلە نوێیە owl یان کوندە و کارگەکە بە هاوکاریی کارگەی ئۆتۆمبێلسازیی ئیتاڵیی MAT یان ''مانیفاتۆرا ئۆتۆمبێل تۆرینۆ'' توانیویەتی ئەو ئۆتۆمبێلە بەرهەم بهێنێت.

ژمارە پێوانەییەکەی ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەسپارک ئەمڕۆ لە ئەڵمانیا  لە لایەن مارک باسنگ، شوفێری ناسراو لە پێشبڕکێیەکی شوفێریدا شکێنرا.

بەگوێرەی بی بی سی، کارگەی ئەسپارک لە ساڵی 2005 بنیات نرا و سەرەتا هەنگاوەکانی بە کاری ئەندازیاری دەست پێ کرد و لە ساڵی 2020 ئۆتۆمبێلی سوپەر کار ئێلی بەرهەمهێنا کە لە ماوەی 1.72 چرکەدا خێراییەکەی لە سفرەوە دەگەیشتە 100 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.

پێشتر نازناوی خێراترین ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە دەستی کۆمپانیای ریماک بوو و لە ساڵی 2022 بە خستنەڕووی ئۆتۆمبێلی جۆری nevara بە خێرایی 412 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا ژمارەی پێوانەیی شکاندبوو.

ئەسپارک ئێل تەنیا 50 ئۆتۆمبێلی دروست کردووە کە نرخەکەی سێ ملیۆن و 100 هەزار دۆلار یان بە زمانی بازاڕی هەولێر 310 دەفتەرە. لە بارەی ئەو ئۆتۆمبێلە کارەباییەش هێشتا هیچ نرخێک دانەندراوە چونکە تەنیا بۆ تاقیکردنەوە بووە و نەخراوەتە بازاڕ.




وشە - سلێمان تاشان