لەگەڵ دەستپێكردنی جەژن و بۆنەكاندا، لە سلێمانیدا نرخی مریشك هاوتەریب لەگەڵ نرخی گۆشتی سووردا بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، كە ئەمەیش بارگرانی دارایی لەسەر هاووڵاتییان دروست دەكات.
ئەمڕۆ 18ی حوزەیرانی 2024، هاوڕێ فاخیر كە هاووڵاتییەكی شاری سلێمانییە رای گەیاند، ئەم بەیانییە نرخی یەك كیلۆ گۆشتی مریشكی زیندوو گەیشتووەتە چوار هەزار و 250 دینار.
ئەم هاووڵاتییەی سلێمانی ئاماژەی كردووە كە بەرهەمی ناوخۆیی مریشك لە بازاڕەكاندا هیچ كێشەیەكی نییە و بە بڕێكی زۆریش بەردەستە، بەڵام قۆستنەوەی بۆنە و جەژنەكان بەهۆی نەبوونی چاودێرییەوە ئەم دۆخەی بۆ گرانیی مریشك دروست كردووە.
هاووڵاتییەكە روونیشی كردووەتەوە كە گرانبوونی نرخی گۆشتی مریشك هاوكاتە لەگەڵ گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەكاندا، كە هەردووكیان بە پێویستی سەرەكی و گرنگی هاووڵاتییان دادەنرێت لە رۆژانی جەژن و بۆنەكاندا و بووەتە هۆی بارگرانی بەسەر گیرفانی هاووڵاتییانەوە.
لای خۆشییەوە نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی رای گەیاندووە، ئەم بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی مریشك پێشبینیكراو بوو، بەهۆی ئەوەی نرخی بەرهەمهێنانی یەك كیلۆگرام مریشك لەسەر خاوەن كێڵگە زیاتر لە دوو هەزار و 700 دینار دەوەستێت لە ئێستادا.
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان ئەوەیشی گوتووە كە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی گرانبوونی عەلەف و سووتەمەنییەوە خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان دووچاری زیانی گەورە بوون.