چەند رۆژێكە باسی گۆڕینی باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق دەكرێت، كاتێك بڕیارە تریسی جاكۆبسۆن، شوێنی ئەلینا رۆمانۆوسكی بگرێتەوە، هێشتا كەس نازانێ سیاسەتی ئەمەریكا بە هاتنی باڵوێزی نوێ چۆن دەگۆڕێت، بەگشتی شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە كە ئەو بابەتە پێوەست نییە بە شەڕی غەزە و تەنیا پێوەستە بە سیاسەتەكانی ئەمەریكا لە عێراق.
مەحموود عەزۆ، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی مووسڵ دەڵێت، ئەو قسانەی باسی گوشاری ئیسرائیل لەسەر باڵوێزی نوێی ئەمەریكا لە عێراق دەكەن بۆ لێدانی میلیشیاكان راست نییە، چونكە ئیدارەی ئەمەریكا بە تایبەتمەندییەكی گەورە مامەڵە لەگەڵ عێراق دەكات، بۆیە هەر هێرشێكی ئەمەریكا بۆ سەر میلیشیاكان پێوەندی بە بەرژەوەندییەكانی ئەو وڵاتەوە هەیە.
روونی كردەوە، ئەو بینە و بەردەی نێوان واشنتن و میلیشیاكان پێوەندی بە چەند دۆسیەیەك هەیە، لەوانە بەشداریكردن لە ئیدارەدانی حكوومەت نەك هاتنی باڵوێزی نوێ، حكوومەتی سوودانی چەند بەڵێنێكی سەبارەت بە میلیشیاكان داوە، بۆیە لە ئەگەری هەر گۆڕانكارییەك، لە بەرانبەر ئەمەریكا شەرمەزار دەبێ و لە كۆنترۆڵكردنیان بێتوانا دەردەكەوێت.
لای خۆیەوە محەمەد عەلی حەكیم، توێژەری سیاسی دەڵێت، ئەو بینە و بەردەی لە نێوان جاكۆبسۆن و میلیشیاكان دروست بووە، دووپات لە بوونی ستراتیجیەتێكی نوێی ئەمەریكا لە عێراق دەكاتەوە، بەتایبەتی كە جاكۆبسۆن پلەی باڵاتر و شارەزایی زیاترە لە رۆمانۆوسكی، واتە ئازادی زیاتری لە بڕیاردان بێ گەڕانەوە بۆ واشنتن هەیە، جیا لە توانای سازكردنی رێككەوتن بە ناوی ئەمەریكا، ئەو رۆڵی لە داڕشتنی ستراتیجییەتەكانی كۆشكی سپی و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا و بڕیارەكانی سەرۆكی ئەو وڵاتە هەبووە، بە كورتی وەك مامۆستای رۆمانۆوسكی وایە، لە رووی ئەزموون و شارەزایی و دەسەڵاتیشەوە.
ئاماژەی كرد، مەبەستی واشنتن لە دانانی ئەو باڵوێزە لەو ساتە هەستیارەدا، چەندان پەیامی ژێراوژێری تیادایە كە بەرە بەرە روون دەبنەوە، دیارترینیان، كردنەئامانجی میلیشیاكان و جڵەوكردنی ئەو لایەنانەی رووبەڕووی حكوومەتی عێراق وەستانەوە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكایان كردە ئامانج، بۆ سنوورداركردنی چالاكییەكانیان لە عێراق و ناوچەكە.
دووپاتی كردەوە، واشنتن دەیەوێ سنوورێك بۆ چالاكییە دەرەكییەكانی ئەو میلیشیا عێراقییانە لە ناوچەكە دابنێت، كە بوونەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل جیا لە كردنەئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئێران لە عێراق، هەروەها وەستانی تەواوەتی چالاكییەكانی ئێران لە عێراق و كردنەئامانجی میلیشیاكانی، بۆ بەكارهێنانی وەك كارتێك لەلایەن جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، ئەوەش دوای لەدەستدانی كارتی ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانی سعوودیە و ئیسرائیل و پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین لە ماوەی كەمی داهاتوو.
لەلایەكی تر عیماد عەلو، ئەفسەری پێشوو و شارەزای تەناهی رای گەیاند كە لە هەر ساتێكدا ئەگەری نوێبووەوەی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی نێوان میلیشیاكان و ئەمەریكا لە عێراق هەیە، بەتایبەتی ئەو ئاگربەست و هێوربوونەوەی لە ماوەی رابردوو لە نێوانیاندا درووست بووە، ئەگەری هەرەسهێنانی هەیە، بۆیە ئەوەش پێوەستە بە دۆخی ئێستەی عێراق و ناوچەكە بەگشتی.
روونی كردەوە، دانانی باڵوێزێكی نوێ لەلایەن ئەمەریكا لە عێراق، چەند ئەجیندایەكی روونی بۆ رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكان لەخۆ دەگرێت، بێگومان كاریگەری لەسەر ئەو ئاگربەستە دەبێت كە لە نێوان هەردوولادا هەیە، ئەگەرچی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كاری كردووە و دەكات بۆ بەردەوامیی ئاگربەستەكە و رێگرتن لە دروستبوونی هەڕەشە لەسەر ئارامیی عێراق و دۆخە تەناهییەكەی، بەتایبەتی هەر پەرەسەندنێكی تەناهی كاریگەریی گەورەی لەسەر سەقامگیریی حكوومەتەكەی هەیە.
ئەحمەد شەریفی، شارەزای ستراتیجی دووپاتی دەكاتەوە، بەرنامەی حكوومەتەكەی سوودانی درێژكراوەی بەرنامەی حكوومەتی كازمی بوو كە ئەمەریكا قبووڵ كردووە و پاڵپشتی لێ دەكات، پێشبینی دەكرێ جاكۆبسۆن بەرنامەیەكی هەبێت قبووڵی موجامەلە و چارەسەری خۆڵەمێشی نەكات، واتە یان دەبێت لەگەڵی بیت یان لە دژی، ئەوەش كێشەیەكی گەورە بۆ حكوومەتی سوودانی دروست دەكات، كە یان دەبێت جڵەوی میلیشیاكان بگرێتە دەست و پابەندی بەڵێنەكان لەگەڵ ئەمەریكا بێت، یان دەبێت رووبەڕووی میلیشیاكان ببێتەوە و لە هێرشكردنە سەر ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی، بەتایبەتی ئیسرائیل و بێدەنگیان بكات.
لای خۆیەوە رەمەزان بەدران، شارەزا لە كاروباری ئەمەریكا دەڵێت، ئەمەریكا پێی وایە ئێران لەپشت ئەو پەرەسەندنەیە كە لەلایەن میلیشیاكانی لە ناوچەكە هەیە، بۆیە پێشبینی دەكرێ لە داهاتوو هەڵوێستی ئەمەریكا بەرانبەر بە ئێران و ئەو میلیشیایانە توندتر بێت و ئەو پەرەسەندنەش بەمنزیكانە دەست پێ دەكات و بۆ بازنەیەكی فرەوانتر پەرە دەستێنێت، پێشبینی هەیە پاڵپشتییەكی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشی لەگەڵدا بێت بۆ رووبەڕووبوونەوە و لاوازكردن و بچووككردنەوەی ئێران و كاریگەرییەكانی لەسەر ناوچەكە.
زیاتر گوت، ئەمەریكا هەست بەوە دەكا كە تا ئێستەش پارە و دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران دەچێت و نابێت ئەوە بەردەوام بێت، پێشبینی دەكرێ چاودێری توندنتر بخرێتە سەر هاتوچۆی دۆلار و كاری بانكەكانی عێراق، بۆیە باڵوێزی نوێی ئەمەریكا توندتر دەبێت، بەوپێیەی سیاسەتی نوێی ئەمەریكا توندتر دبێت.