فڕەنسا فێستیڤاڵی سینەما لە سلێمانی و دهۆك ڕێكدەخات، بەڕێوەبەری ئینستیوتی فڕەنسی دەڵێت، بۆ ساڵی داهاتوو بە نیازن درێژە بە فێستیڤاڵی شیعری ژنان لە هەڵەبجە بدەن.
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لەگەڵ شاندێكی باڵوێزخانە و كونسوڵگە و ئینستیوتی فڕەنسا لە هەرێمی كوردستان و عێراق كۆبووەوە، چەندان پرسی كولتووری و فەرهەنگی و هاوئاهەنگیی نێوان وەزارەت و دامەزراوە كولتوورییەكانی فڕەنسا لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا برێم یان كونسوڵی گشتیی فڕەنسا لە هەرێمی كوردستان، باسی لەوە كردووە ئەگەر پشتیوانی بەردەوامی وەزارەتی رۆشنبیری نەبوایە، نەدەتوانرا چالاكییە كولتوورییەكانی كونسوڵگەی فڕەنسا پەرە پێ بدەن.
فرێدریك تارید بەڕێوەبەری ئینستیوتی فڕەنسی لە هەولێر گوتی، لە بەرنامەیاندایە پێشانگەیەكی شێوەكاری ئۆنلاین لە هەڵەبجە و فێستیڤاڵی سینەما لە سلێمانی و دهۆك ڕێكبخەن، بۆ ساڵی داهاتووش بە نیازن درێژە بە فێستیڤاڵی شیعری ژنان لە هەڵەبجە بدەن.