دوای مردنی ئاشكرابوو مایكڵ جاكسن 500 ملیۆن دۆلار قەرزدارە

:: PM:03:19:30/06/2024 ‌
چەند دیكیۆمێنتێك لە دادگایەكی ئەمەریكادا ئاشكرا كراون، دەركەوتووە دوای مردنی مایكڵ جاكسن لە 2009دا "شای پۆپ"، بڕی زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار قەرزدار بووە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم 30ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، هەندێك دیكیۆمێنتی نوێ لە دادگایەكی ئەمەریكا لە لۆس ئەنجیلۆس ئاشكرا كراون، دوای مردنی مایكڵ جاكسن، دەركەوت بڕی 500 ملیۆن دۆلار قەرزدار بووە، هاوكات خاوەن قەرزەكان داوای پارەكانی خۆیان لێ كردووە. رۆژنامەی "واشنتن پۆست" ئەوەی پشتڕاست كردووەتەوە.

لە لیستێكدا ئاشكرا كراوە كە چەند كەس قەرزیان لەلای جاكسن بووە، كاتێك قەرزەكانی دوا خستووە، پارەكەی لەسەر زیاتر كۆ بووەتەوە كە كێشەی رژدی بۆ دروست كردووە كە ئەستەم بوو بتوانێ قەرزەكان بۆ خاوەنەكانیان بگەڕێنێتەوە.

بۆ ئەوەی جاكسن بتوانێ بەشێك لە قەرزەكانی بگەڕێنێتەوە، چەند گرێبەستی واژوو كرد كە زنجیرەیەك نمایش ساز بكات، ئەویش 50 نمایش بووە لە ژێر ناونیشانی "This Is It"  و "O2 Arena" لە لەندەن، بەڵام مردنەكەی رێی لە نمایشەكانی گرت.

مایكڵ جاكسن كە گەورەترین ئەستێرەی بواری موزیك و گۆرانی و ستایلی "پۆپ" بوو لە دنیادا، لە ساڵی 1958 لە ئەمەریكا لە دایك بووە. لە تەمەنی 50 ساڵی و لە 2009دا كۆچی دوایی كرد كە تا ئێستەیش گومان لە مردنەكەی هەیە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د