ئه‌وانه‌ی پێشتر ئه‌ستێره‌ بوون و دواتر له‌ خانه‌ی به‌ساڵاچووان مردن

:: AM:09:43:03/07/2024 ‌

زۆرن له‌و ئه‌ستێره‌ ناودارانه‌ی سینه‌مای عه‌ره‌بی كه‌ له‌ سه‌رده‌مێكدا ملیۆنان هه‌وادارانیان هه‌بوو، كه‌چی له‌ دوا قۆناغی ته‌مه‌نیان، كه‌وتنه‌ خانه‌ی به‌ساڵاچووان و له‌وێ به‌خێو ده‌كران. پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنیی رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی "ئه‌هرام"ی میسری له‌ هه‌واڵێكدا، ئاماژه‌ی به‌ ناوی ژماره‌یه‌ك له‌و ئه‌ستێرانه‌ كردووه‌.

به‌پێی پێگه‌ی "ئه‌هرام"، ناوه‌كان زۆرن و ته‌نیا چه‌ند نموونه‌یه‌كی له‌ناویان هێناوه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی به‌مدواییه‌ پروپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ بڵاو بووه‌وه‌ كه‌ خاتوونه‌ هونه‌رمه‌ند عه‌واتف حیلمی گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ خانه‌ی به‌ساڵاچووان، دواتریش سه‌ندیكای ئه‌كته‌رانی میسری هه‌واڵه‌كه‌ی ره‌ت كرده‌وه‌، ئه‌وه‌بوو ناوی ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ له‌ خانه‌ی به‌ساڵاچووان مردن.

ئامال فه‌رید كه‌ له‌ قۆناغی زێڕینی سینه‌مای عه‌ره‌بی و میسریدا ناوێكی پرشنگدار بوو و وه‌ك ئه‌كته‌ر له‌ ده‌یان فیلمی سینه‌ماییدا رۆڵی سه‌ره‌كیی هه‌بوو، كه‌چی له‌ دوا قۆناغی ته‌مه‌نیدا، كه‌وته‌ خانه‌ی به‌ساڵاچووان و دواتریش هه‌ر له‌وێ كۆچی دوایی كرد.

نادیه‌ فه‌همیش ئه‌ستێره‌یه‌كی هه‌مان قۆناغی سینه‌مای عه‌ره‌بی بوو، له‌ ده‌یان فیلمی سینه‌مایی و زنجیره‌ درامادا رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینی، به‌تایبه‌تی له‌ قۆناغی ساڵانی نه‌وه‌ته‌كاندا، كاتێكیش ته‌مه‌نی به‌سه‌ر چوو و نه‌خۆش كه‌وت و نه‌خۆشییه‌كه‌ی زه‌هایمه‌ر بوو، پزیشكان ئامۆژگارییان كرد كه‌ ببرێته‌ خانه‌ی به‌ساڵاچووان له‌وێ سه‌رپه‌رشتی بكرێت، تا ئه‌وكاته‌ی هه‌ر له‌وێ مرد.

عومه‌ر شه‌ریف نه‌ك هه‌ر له‌ سینه‌مای عه‌ره‌بیدا ئه‌ستێره‌یه‌كی زۆر ناودار بوو، به‌ڵكو گه‌یشته‌ ئاستی جیهانیش و له‌ چه‌ندان فیلمی هۆڵیووددا رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینی، به‌ڵام دواتر له‌ میسردا تووشی نه‌خۆشیی زه‌هایمه‌ر بوو و جێی ئه‌ویش بووه‌ خانه‌ی به‌ساڵاچووان، دواتریش له‌ 2015 له‌ ته‌مه‌نی 83 ساڵیدا هه‌ر له‌وێ كۆچی دوایی كرد.

هاله‌ شه‌وكه‌ت كه‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی سینه‌ما و درامای عه‌ره‌بی و سووری بوو، به‌ نه‌وه‌ی یه‌كه‌می درامای سووری هه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌ویش كاتێك ته‌مه‌نی به‌سه‌ر چوو و نه‌خۆش بوو، برایه‌ خانه‌ی به‌ساڵاچووان و له‌ 2007دا له‌ ته‌مه‌نی 77 ساڵی له‌وێ كۆچی دوایی كرد.

دواتریش پێگه‌ میسرییه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌ ناوی عه‌بدولعه‌زیز مكیوی كردووه‌ كه‌ یه‌ك له‌ ئه‌كته‌ره‌ ناوداره‌كانی سینه‌مای عه‌ره‌بییه‌، كاتێك ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ چووه‌ ناو ساڵه‌وه‌ و پیر بوو، برایه‌ خانه‌ی به‌ساڵاچووان و دواتریش له‌ ته‌مه‌نی 82 ساڵیدا هه‌ر له‌وێ كۆچی دوایی كرد.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د