پەرلەمانی عێراق بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی كورد دا

:: PM:11:23:05/07/2024 ‌


موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێبەرانی عێراق بە وەکالەت، بە نووسراوێكی فەرمی ڕای دەگەیەنێت كە گۆڕانکارییەکانی پارێزگای نەینەوا نایاسایین و نادروستن.

دوێنێ پێنجشەم، چواری تەمووز، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەكالەت، بە نووسراوێكی فەرمی بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، پێی ڕادەگەیەنێت كە بە پشتبەستن بە مادەی 2/ سێیەم لە یاسای پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێم، ژمارە 21ی ساڵی 2008، پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگاكان پابەندی چاودێریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بن، هەروەها بەپێی مادەی 27/ دووەم، لە یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران و پێكهاتەكانی ژمارە 13 بۆ ساڵی 2018، بەشێكە لە مافی ئەنجوومەنی نوینەران كە لێپرسینەوە لە ئەنجوومەنی وەزیران و بەرپرسی دەستەكان و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و پارێزگارەكان بكات.

ئێمە بەپێی ئەو مافە یاساییەی هەمانە، دەمانەوێت ئەوە ڕوون بكەینەوە كە بەپێی مادەی 8/ سێیەم/ 1و2 لە یاسای پارێزگاكانی دەرەوەی هەریمەكان، ژمارە 21ی ساڵی 2008، پێویستە  ئەنجوومەنی شارۆكەكان، قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێكان بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی هەڵبژاردن دیاری بكرێن و بە ململانێی نێوان دەنگەكان بێت. 

هەر لەو نووسراوەدا ئەوەش هاتووە، پێویستە لابردنی قایمقام و بەڕێوبەری شارەدێكان بە زۆرینەی ڕەهای ئەدامانی ئەنجوومەن بێت كە بریتییە لە سێیەكی ئەندامان. واتە یاسا دیاری كردووە كە چۆن كەسێك لەو پۆستانە دادەنرێت و كەسیكی تر دەخرێتە شوێنی.

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسراوەكەیدا ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بەپێی مادەی 51ی یاسای پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێمەكان، هەر لابردنێك یان لێخۆشبوونێك لە پۆستێك كە بەپێی یاساكە دیاری كراوە، پێویستە پێشوەختە لە ئەنجوومەن لێپرسینەوە لەگەڵ كەسی دیاریكراودا كرابێت. واتە لابردنی هەر قایمقام یان بەڕێوبەرێكی شارەدێ یان هەر پۆستێكی تر، پێویستە بە لێپرسینەوە و ڕەزامەندیی ئەنجوومەن بێت.

بەپێی ئەو دەقە یاساییانەی ڕوونمان كردووەتەوە، ئەو بڕیارانەی دانیشتنی چواردەیەمی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نایاسایین و پێویستە لەسەر ئەنجوومەن هەڵی بوەشێنێتەوە و بەپێی دەقی یاسایی بڕیارەكانی دەربكات، بە پێچەوانەوە بە خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی یاسا هەژمار دەكرێت و لەوكاتەشدا ناچارین ڕێی داواكاری گشتی بگرینە بەر بۆ سزای یاسایی بەپێی مادەی 329 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 و هەموو ڕێوشوێنە یاسایی و دەستوورییەكان بۆ جێبەجێكردنی یاسا دەگرینە بەر.







وشە - عەبدوڵا عومەر