كەریم عەلی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر بوونی چەندین كۆمپانیای حزبی لە مەرزەكانی پارێزگای سلێمانی كە پارە وەردەگرن و بوونەتە كێشە بۆ كاری بازرگانی و بەو هۆیەوە كاریگەرییان لەسەر داهاتی پارێزگاكە دروست كردووە، دووپاتی كردەوە كە بەشێكی داهاتی سنوورەكە بۆ ئەو كۆمپانیایانە دەڕوات.
*ژمارەیەك كۆمپانیا پارە لە بارهەڵگرەكان وەردەگرن، ئەوانە كاریان چیییە لە مەرزەكانی پارێزگای سلێمانی؟
بەڵێ، چەندین كۆمپانیا بەناوی جیاجیاوە لە مەرزەكانی سلێمانی بەناوی جیاواز پارە لە شۆفێر و بارهەڵگرەكان وەردەگرن، ئەمانە كێشەیان بۆ كاری بازرگانی لەو مەرزانە و لەو دەڤەرە دروست كردووە، بەو هۆیەشەوە كاریگەرییان لەسەر داهاتی مەرزەكان هەیە.
*بوون و كاركردنی ئەو كۆمپانیایانە لەو مەرزانەدا تا چەند یاساییە؟
لەو مەرزانە ئەوەی كێشە و بەربەست بێت بۆ بارهەڵگرەكان دروست دەكرێت، هەر بچن قسە لەگەڵ شوفێری بارهەڵگرەكان بكەن بۆتان دەردەكەوێت چ كێشەیەكیان بۆ دروست كراوە و چۆن لەژێر ناوی جیاجیاوە پارەیان لێ وەردەگرن؟، باشە ئەو مەرزانە ئەو هەموو كۆمپانیایانەی بۆ چییە؟ كە نزیكەی 10 كۆمپانیان و یاسایان بەكار هێناوە بۆ ئەوەی كارەكانی خۆیان بكەن، كەچی وەرگرتنی پارەكە نایاساییە و ناچێتەوە سەر داهاتی حكوومەت، كۆمپانیاكانیش كەسیان لە پشتە.
*كاری ئەو كۆمپانیایانە چییە و ئاخۆ ئەو مەرزانە پێویستییان بەو هەموو كۆمپانیایانە هەیە؟
كۆمپانیا دانراوە بەناوی كێشكردن و بە چەندان شێوە پارە وەردەگرن، هەر بارهەڵگرێك كە دێتە ژوورەوە 20 هەزار دینار وەردەگرێت، كۆمپانیا دانراوە بەناوی پاككردنەوە، كۆمپانیا دانراوە بۆ چاككردن و سیانەكردن، بەڵام حكوومەت خۆی گڵۆپەكان دەگۆڕێت، كۆمپانیا دانراوە بەناوی تەعقیمكردن و هەر ئیشیان نییە و گریبەستی 10 ساڵی بۆ كراوە، بەناوی كوالێتی كۆنترۆڵ، بەناوی پشكنین بۆ كەلوپەل، بەناوی پشكنین بۆ مەنەفێست، بەناوی گومرگ، چەندین كۆمپانیا بەناوی جۆراوجۆر بەشدارن، لەم رۆژانەی دواییش كۆمپانیایەكی تر دانراوە، هەر بارهەڵگرێك پسولەی ئەو بارهەڵگرەی پێ نەبێت نایەڵێن بێتە ناو هەرێم، ئەمانە هەمووی بارگرانین بۆ كاری بازرگانی و شوفێرانی لەو مەرزانەوە هاتوچۆ دەكەن.
*قازانج و كاری ئەو كۆمپانیایانە تا چەند زیانی لە داهاتی حكوومەت داوە؟
هیچ پێویست ناكات ئەو كۆمپانیاینە لەو مەرزانە هەبن و حكوومەت خۆی دەتوانێت هەموو كارەكان بكات، بەهۆی ئەو كۆمپانیایانەوە مانگانە بە رێژەی 25%ی كۆی داهاتی مەرزەكان دەبەن، ئەمەش زیانگەیاندنە بە داهاتی گشتی، بۆیە بوونی ئەو هەموو كارە رۆتین و پارە وەرگرتنە لە بازرگانان و كۆمپانیاكانی هاوردە وای كردووە بەشێك لە بازرگانان روو بكەنە مەرزەكانی عێراق و لەوێوە كاری هاوردە بكەن.
*باس لە كردنەوەی وێستگەی كێش بە شێوازی نایاسایی دەكرێت؟
بەڵێ، چەندین وێستگەی كێش لە سنوورەكە دانراوەن كە حكوومی نین و تەنیا بۆ ئەوەیە پارە لە بارهەڵگرەكان وەرگرن و نایاسایین، پێش ماوەیەكیش چەندین وێستگەی كێش لە سنوورەكە دانراون لە كفری و گەرمیان، كاری قاچاخیش كۆتایی نەهاتووە.
دیمانەی/ هۆشیار عەلی