هەڵبژاردنی فڕەنسا.. هاوپەیمانی چەپ سوپرایز دەكات و دەیباتەوە

:: PM:10:55:07/07/2024 ‌

لە ئەنجامێكی پێشبینینەكراودا لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فڕەنسا، هاوپەیمانی چەپ توانی پێش بەرەی ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا و راستڕۆكان بكەوێتەوە، بەڵام هیچ لەو هێزانە نەیانتوانی لە پەرلەمان ببنە زۆرینەی رەها، بەوەش بۆ ماوەیەك فڕەنسا دەكەوێتە ناو پشێوی سیاسی و ئابوورییەوە.

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكان هاوپەیمانی چەپ لە پێشەوە دێت و بەرەی سەرۆكی فڕنسا لە پلەی دووەم و هاوپەیمانیی راستڕۆ لە پلەی سێیەم، بەڵام هیچیان زۆرینەی رەهای كورسییەكانی پەرلەمانیان بەدەست نەهێناوە كە 289 كورسییە، كاتێك پێشبینی دەكرێت بەرەی نوێی میلی 172 بۆ 215 كورسی و بەرەی ماكڕۆن 150 بۆ 180 كورسی و پارتی گردبوونەوەی نیشتمانیی راستڕۆ، كە پێشبینی پلەی یەكەمی لێ دەكرا، 115 بۆ 155 كورسی بێنن.  

هاوكات پێشبینی دەكرێت ئەنجامی كۆتایی لە درەنگانێكی ئەمشەو یان بەرەبەیانی سبەی دووشەم بێتە راگەیاندن، بەڵام بەو ئەنجامە كە هیچیان زۆرینەی رەهای لە پەرلەمان بەدەست نەهێناوە و بەوەش رەنگە فڕەنسا بچێتە ناو پشێوی سیاسی و ئابوورییەوە و چەند هەفتەیەكی بوێت تا سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دیاری بكرێن، كە بێگومان ماكرۆن وەك سەرۆك، سەرۆك وەزیرانێكی لەگەڵ دەبێت تەواو دژی سیاسەتە ناوخۆیەكانیەتی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل