10 ملیۆن عێراقی هەژارن

:: AM:11:36:08/07/2024 ‌
ناوەندێكی لێكۆڵینەوە ئاشكرای دەكات، ئێستە لە عێراقدا 10 ملیۆن هەژار هەن و بودجەی ساڵی 2024ـی عێراقیش نەیتوانیوە خزمەتی ئەو كەسانە بكات.

ئەمڕۆ دووشەم هەشتی تەمووز، ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق رای گەیاند، زیاتر لە 10 ملیۆن عێراقی لە "ژێر هێڵی هەژاری"دا دەژین، هەروەها بودجەی ساڵی 2024 "بەتاڵە" لە پشتیوانی بۆ خەڵكی هەژار.

حازم ئەلرودەینی جێگری سەرۆكی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق دەڵێت، سەرەڕای ئەو هەوڵە زۆرانەی حكوومەت لە ئاوەدانكردنەوەی ڕێگەوبان و خانووبەرە و كەرتەكانی تردا دەیدەن، بەڵام فایلی گەورە هەن كاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتی عێراقی هەیە كە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، وەك پرسی هەژاری و نەبوونی هەلی كار لەو كەرتەدا.

باسی لەوەش كردووە، بەپێی داتاكانی وەزارەتی پلاندانان، نزیكەی 25%ی دانیشتووانی عێراق لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین كە زیاتر لە 10 ملیۆن هاووڵاتی پێكدەهێنن، ئەگەر سەیر بكرێت كۆی ژمارەی دانیشتووانی 43 ملیۆن كەسە.

روونی كردەوە، وەزارەتی كار دەستەبەری كۆمەڵایەتی هەیە و مووچەی مانگانەی بەسەر تەنیا دوو ملیۆن خێزان دابەش كردووە، هەروەها زیاتر لە ملیۆنێك خێزان هەن مافی مووچەی هەژارییان هەیە، لە بودجەی ساڵی 2024دا حیسابیان بۆ نەكراوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، بێكاری یەكێكی تر لە تەنگژەكانی عێراقە و ئێستە یەك ملیۆن و 650 هەزار بێكار لە وەزارەتی كاری عێراقدا تۆمار كراون.


وشە - رامیار جەواد