حكوومەتی عێراق لە چەند بڕیارێكی ئابووریی خۆی پەشیمان بووەوە

:: PM:06:56:08/07/2024 ‌

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری داوە بە هەندێ بڕیار و سیاسەتی ئابووریی خۆیدا بچێتەوە كە سوودێكی ئەوتۆیان بە حكوومەت نەگەیاندووە.

ئەمڕۆ دووشەم، هەشتی تەمووز، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتیی بۆردی ئابووریی ئەنجوومەنی وەزیرانی كرد، بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە هەندێ بڕیاری تایبەت بە ئابووری بكەن و هەمواری هەندێك لە بەرنامەكەیان بكەن كە پەیوەستە بەو لایەنەوە.

وەك لە بەیاننامەی نووسینگەی سوودانیدا هاتووە، دووپاتی لەسەر پێداچوونەوە بەو سیاسەتە ئابوورییە كردووە كە ئێستە پێڕەو دەكرێت و لە قۆناغەكانی ڕابردوودا داڕێژراوە، چونكە هەندێك لەو بڕیارانە هیچ بەرهەمێكیان نەبووە و پێویستییان بە چاكسازییە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، حكوومەتی عێراق پشتیوانییەكی زۆری كەرتی تایبەتی كردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەكانیان سەر بگرێت و بە وردی چاودێری گەشەیان دەكات، بەڵام نابێت ئەم بڕیاری پشتیوانییانە، ببێتە سوود تەنیا بۆ گرووپێك بەبێ ئەوەی هیچ قازانجێكی بۆ وڵات تێدا بێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، ڕاپۆرتی لیژنەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەتی بەرهەمە نەوتییەكان و سووتەمەنی بۆ كارگەكان و وەزارەتی كارەبا خراوەتە ڕوو.


وشە - عەبدوڵا عومەر