"عێراق گەیشتە قەناعەت كە پەكەكە سەرئێشەیە و پێویستە بڕوات"

:: PM:08:51:08/07/2024 ‌

هاوكات لەگەڵ زیادبوونی ئاستی جموجۆڵەكانی توركیا بەرانبەر بە پەكەكە لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی عێراق بێدەنگە، ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق چاوی بە باڵوێزی نوێی توركیا لە بەغدا كەوت و باسی هاوئاهەنگیی هاوبەشی تەناهییان لەسەر سنوورەكان كرد، لەناو بوونی راپۆرتەكان بەوەی بەغدا و ئەنقەرە بەسەر ئەو جموجۆڵانە هاوئاهەنگن.

ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی لە بەغدا چاوی بە ئانیل بۆرا ئینان، باڵوێزی نوێی توركیا كەوت و باسی چەند دۆسیەیەكیان كرد، لەوانە پێوەندیی هەردوو وڵات و زیاتركردنی هاریكاری و كاراكردنی رێككەوتنەكانی لەكاتی سەردانی سەرۆكی توركیا بۆ بەغدا واژوو كران، كە 26 یاداشتی لێكگەیشتن لە بوارە جیاجیاكان واژوو كران، لەو دیدارە سەرنج خراوەتە سەر هاوئاهەنگیی هاوبەشی تەناهی لەسەر سنووری هەردوو وڵات، بەوەی سەروەریی عێراق دووپات بكرێتەوە و رێگریش لەهەر پێشێلكارییەك بكرێت.

محەمەد حەسەن رازی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، وەك لیژنە تا ئێستە نازانین بۆچی حكوومەتی عێراق بەرانبەر بە جموجۆڵەكانی توركیا لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان بێدەنگە و هیچ هەڵوێستێكی نییە، كە رەنگە ئاگەدار بێت و پێی رازی بێت یان بە هاوئاهەنگی و رەزامەندیی ئەو بكرێن، وەك راوێژكارێكی حكوومەتەكە رای گەیاند.

شایەنی باسە لە ماوەی دوایی ئیبراهیم سمێدعی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی رای گەیاند كە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا لە چەند ناوچەیەكی سنووریی هەرێمی كوردستان لەدژی پەكەكە بە هاوئاهەنگیی نێوان بەغدا و ئەنقەرە ئەنجام دەدرێت، چونكە پەكەكە تاوانكاری ئەنجام دەدات، بۆیەش حكوومەتی عێراق وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی پۆلێن كردووە، لەماوەی رابردووش دەزگەی ئاسایشی نیشتمانی تۆڕێكی سەر بەو رێكخراوەی ئاشكرا كرد، كە دەیانویست كاری تیرۆریستی لە بەغدا و چەند شارێكی تر ئەنجام بدەن.  

شێرزاد حوسێن، ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرپرسیارەتی ئەو لەشكركێشییەی توركیا بۆ سەر چەند ناوچەیەكی سنووریی هەرێمی كوردستان دەخاتە ئەستۆی پەكەكە، ئەو دەپرسێت ئاخۆ بۆچی پەكەكە لەبری خاكی توركیا هەرێمی كوردستانی كردووەتە گۆڕەپانی چالاكییەكانی؟، بۆیە پەكەكە لەو دەستوەردانەی توركیا بەرپرسیارە و بوونی لە گوند و ناوچەكانی هەرێم وای كردووە ئەنقەرە ئەو كارە بكات.

ئاماژەی كرد، بوونی پەكەكە لەناو خاكی هەرێم زیان بە حكوومەت و گەلی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، نازانین هۆكاری هەڵبژاردنیان بۆ خاكی هەرێمی كوردستان چییە؟، لەوكاتەی دەبوایە چالاكییەكانیان لەناو خاكی توركیا ئەنجام بدەن، ئەوە ئەگەر بەڕاستی بەرگری لە ستەملێكراویی گەلی كورد دەكەن.

وەك ئاماژەیەك بۆ قەناعەتكردنی بەغدا بەوەی پەكەكە تەنیا سەرئێشەیە و بارێكی قورس و زیادە بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەمڕۆ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بوونی پەكەكە نایاساییە و حكوومەتی عێراقیش بڕیاری داوە ئەو حزبە قەدەغە بكرێت، بۆیە هەمووان باوەڕیان وایە كە پێویستە پەكەكە ئەو ناوچانەی لێیەتی جێیان بێڵێت بۆ ئەوەی زیان بە دانیشتووانی نەگات. 

روونی كردەوە، ئێمە و بەغدا لەگەڵ توركیا لە پێوەندیداین لەبارەی بابەتی دەستوەردانی سەربازیی توركیا لە ناوچە سنوورییەكان، بەڵام كێشەكە ئەوەیە پاساوی توركیا بۆ هەر دەستوەردانێك لەناو خاكی عێراق بوونی پەكەكەیە لەو ناوچانە، بۆیە ئەو حزبە پاساو دەداتە توركیا بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاكییانە و بوونی پەكەكە لەو ناوچانە نایاساییە و حكوومەتی عێراقیش بڕیاری داوە قەدەغەی پەكەكە بكات، هەمووشمان پێمان وایە كە پێویستە پەكەكە ئەو ناوچانە جێبێڵێت بۆ ئەوەی زیان بە دانیشتووانەكەی نەگات.    

لە ماوەی رابردوو چالاكییەكانی پەكەكە لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان و عێراق زیادی كردووە، بەتایبەتی لە قەندیل و سۆران و سیدەكان و زاب و زاخۆ، جیا لە كۆیە و پردێ و چەند ناوچەیەكی كەركووك، جیا لە گوماناویی بوون و ئامانجەكانیان، تا ئێستە لێكدانەوەی جیاواز بۆ چۆنیەتی دەستخستنی چەك و درۆنەكان لەلایەن ئەو حزبەوە هەیە، بەڵام چاودێران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەوان لەلایەن میلیشیاكانی عێراق و حزبێكی كوردییەوە ئاسانكارییان بۆ دەكرێت، وەك ئاماژەیەك بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

لە سەردانەكەی مانگی نیسانی رابردووی سەرۆكی توركیا بۆ عێراق، 26 یاداشتی لێكگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵات واژوو كران، بە تایبەتی پێوەست بە ئابووری و تەناهی و ئاوەوە، توركیا هەر رێككەوتن و چارەسەرییەكی بەلایەنی تەناهی و پەكەكەوە بەستووەتەوە، لەوانە داوای لە عێراق كرد بەشداری یان رێگە بە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی دژی پەكەكە لەناو خاكی عێراق تا قووڵایی 40 كیلۆمەتر بدات، بەڵام ئەوكات حكوومەتی عێراق بە ئاشكرا رازی نەبوو و رەتیشی نەكردەوە.

سەرچاوەیەكی سیاسیی نزیك لە حكوومەتی عێراق ئاماژە دەكات كە پەكەكە بووەتە مایەی نیگەرانی و مشتومڕ لەسەر گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كەوتووەتە نێوان دوو گوشاری گەورەوە، یەكەم رێككەوتن لەگەڵ توركیا و دەستكەوتنی پشكی ئاو و جێبەجێبوونی رێككەوتنە ئابووری و سیاسییەكان، دووەم لایەنە سیاسی و میلیشیاكان كە پاڵپشتیی لە پەكەكە و رێككەوتن لەگەڵی دەكەن، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بەغدا زانیاری بەهەر ئۆپراسیۆنێكی سەربازی و ئاسمانیی توركیا لە ناوچەی سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە دژی پەكەكە هەیە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل