تا دێت كێبەركێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا گەرمتر دەبێت، لەماوەی رابردوو هەریەك جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوو و كاندیدی دیاری كۆمارییەكان چەند رووبەڕووبوونەوەیەكی راستەوخۆیان ساز كرد، بەڵام لەوەی دواییان بایدن توانایەكی خراپی پێشان دا و وای كرد پارەبەخشەكان بۆ هەڵمەتی دیموكراتەكان لێی دوودڵ بن لەوەی نەتوانێت بیباتەوە، بۆیە داوای گۆڕینی دەكەن، لە ئەگەری گۆڕینی ئەوانەی خوارەوە كاندیدن بۆ شوێنگرتنەوەی.
وەك كۆواری
"پۆلیتیكۆ"، باسی كردووە، لیستی شوێنگرەوەكانی بایدن ئەگەر كشایەوە بریتین لە، كامالا هاریس، جێگری بایدن، ئەگەر دەربچێت دەبێتە یەكەم سەرۆكی ژن و دووەم رەشپێست لە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، جی بی بریتزكر، فەرمانڕەوای ویلایەتی ئیلینۆی و ملیاردێری ئەمەریكی، جافین نیوسۆم، فەرمانڕەوای ویلایەتی كالیفۆرنیا، گریچن ویتمەر، ژنەفەرمانڕەوای ویلایەتی میشیگان، جۆش شابیرۆ، فەرمانڕەوای ویلایەتی پنسلڤانیا، ئاندی بشایەر، فەرمانڕەوای ویلایەتی كنتاكی و پیت بۆتیجیج، وەزیری گواستنەوە.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوو و كاندیدی دیاری كۆمارییەكان خەریكی دیاریكردنی جێگری سەرۆكە بۆ هەڵبژاردنەكانی 2024، كە دیارترینیان، دۆگ بیرگەر، فەرمانڕەوای ویلایەتی نۆرس داكۆتا و بن كارسۆن، تۆم كۆتۆن، سیناتۆری كۆماری، ماركۆ رۆبیۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پیران، تیم سكۆت، سیناتۆری كۆماری، ئیلیز ستیفانیك، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، جی دی فانس، سیناتۆری كۆماری.