"دیدارەكەی سەرۆكی حكوومەت لە سلێمانی دەباشان و شاسواری بەتەواوەتی نیگەران كردووە"

:: PM:08:41:09/07/2024 ‌

دیدارە گرنگەكەی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەشێك لە چین و توێژە جیاوازەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، نیگەرانیی لای بەرپرسانی باڵای یەكێتی دروست كردووە، كاتێك لە رێگەی شاسوار و هاوشێوەكانی و چەند كەسێك بەناوی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەیانەوێ رای گشتی بەلارێدا ببەن.

یەكێك لە تێبینییەكانی چاودێران لەسەر دیدارەكانی سەرۆكی حكوومەت لەكاتی ئامادەبوونی لەهەر كۆڕ و كۆبوونەوەیەكی فەرمی و نافەرمی هەیانە، ئەوەیە كەسێكی راشكاو لە قسەكانی و قەناعەت پێكەرە، بەكورتی خاڵ دەخاتە سەر پیتەكان و هیچ شتێكی ناروون و پرسیارێك لە مێشكی بەرانبەرەكەی ناهێڵێتەوە، لە دیدارەكەی دوایی خەڵكی سلێمانیش دڵی خەڵكەكە ئاوی خواردەوە، هاوكات نیگەرانیی خستە ناو مێشكی نەیارانی حكوومەتی هەرێم.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا دیدارێكی گرنگ و پڕبایەخی راستەوخۆ و بێ پێچ و پەنا لەنێوان سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و بەشێك لە چین و توێژە جیاوازەكانی سلێمانی و دەوروبەری ئەنجام درا، راشكاوانە چەندین دۆسیە و بابەتی هەستیار و جێی بایەخی هاووڵاتییان خرانە بەر باس و وەڵامی پێویست و گونجاویان درایەوە، دیدارەكە بووەتە هۆی نیگەرانی و تووڕەبوونی بەرپرسانی باڵای یەكێتی و دەباشانی خستووەتە لەرزە.

لە زانیارییەكاندا ئەوە خراوەتە روو كە بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، داوا كراوە لە رێگەی شاسوار عەبدولواحید و بەرپرسی چەند رێكخراوێكی كۆمەڵی مەدەنی، بەهەر شێوەیەك بێت لە رێگەی ورووژاندنی چەند بابەتێكی دووبارە و سواوی وەك مووچە و كێشەی كەمئەندامان و تا دوایی، لە سۆشیال میدیا و شەقام رای گشتیی كوردستان بەلارێدا ببرێت.

حەمید عەزیز، چاودێری سیاسی، بە"وشە"ی راگەیاند، ئاشكرایە ماوەی چەند ساڵێكە دژایەتییەكی زۆری پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دەكرێت، بەڵام دوای دیدارەكەی سلێمانی و وەڵامە راشكاوەكانی، ئەو توانی تەمومژەكان بڕەوێنێتەوە.

روونی كردەوە، جووڵەكانی شاسوار و قسە نابەجێیەكانی هی ئەوە نییە كەس بڕوایان پێ بكات، بەتایبەتی كە ناوبراو بەهۆی هەبوونی چەندین كەیس و دۆسیە و داخستنیان لەلایەن بەرپرسانی باڵای یەكێتی لە سلێمانی، ئێستە هیچ قورساییەكی لەناو هاووڵاتییاندا نەماوە.

ئەو چاودێرە دووپاتی كردەوە، بەپێی زانیارییەكانمان لەم چەند رۆژەدا، لە دەباشان چەندین كۆبوونەوە كراوە و بەئاشكرا لەو دیدارە سەركەتووەی مەسروور بارزانی نیگەران بوون، بەهۆیەوە باس لەوە كراوە كە هیچ شتێك نەماوە شایەنی ئەوە بێت وەك دروشم و چەواشەكاری هاووڵاتییانی پێ فریو بدرێت، قسەكانی شاسوار و چەند رێكخراوێكیش بەڵگەی روونن لەوبارەیەوە.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت