لە كاتێكدا ئەو وڵاتانەی ناوەندگیرن لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ راوەستانی ئەو جەنگەی ماوەی نۆ مانگە دەستی پێ كردووە، ئەمڕۆ دیسان لە قەتەر كۆ دەبنەوە تا بە زووترین كات دانوستانەكان بگاتە ئەنجام و جەنگەكە بێتە وەستان.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 10ی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوەكان كە قسەیان بۆ كەناڵی "قاهیرە" كردووە و ئاماژەیان داوە، وڵاتانی ناوەندگیر كە لە میسر، قەتەر و ئەمەریكا پێكدێن، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی رژدی دانوستانەكان لە قەتەر دەست پێ دەكەن كە ئیسرائیلیش بەشداری لە كۆبوونەوە دەكات، دەیانەوێ بە زووترین كان جەنگەكە بێتە وەستان.
سەرچاوەیەك بۆ كەناڵەكە گوتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ لە قەتەر، عەباس كامل سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی گشتیی میسر بەشداری دەكات تا بتوانرێ بۆچوونەكان لە یەكتر نزیكتر بكەنەوە و بگەنە رێككەوتنێكی جێگیر، تا ئێستەیش لەسەر چەندان خاڵی گرنگ رێككەوتوون.
سەرچاوەیەكی تریش كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت بۆ ئاژانسی "رۆیتەرز" گوتی، لەو كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ لە قەتەر، دەیڤید بەرنیاع سەرۆكی هەواڵگریی ئیسرائیلیش بەشداری دەكات.
سەرچاوەیەكی تریش گوتی، ولیام بیرنز بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ئەمەریكایش بەهەمانشێوە لەو كۆبوونەیە بەشداری دەكات، بیرنز بەرلە كۆبوونەوەكە، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر لە قاهیرە كۆ بووەتەوە.
لە حەوتی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكاستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.
لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی زیاتر لە 36 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 80 هەزار كەسیش بریندار بوون.
لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.