پارتی: بەشداریی كۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەكەین

:: AM:11:50:10/07/2024 ‌
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگاری ئەو شارە رای گەیاند، سبەی بەشداریی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەكەین.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی تەمووز، حەسەن مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێمە وەك پارتی بەشداریی كۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەكەین و ئەوەی پێمان گوتراوە، كۆدەنگییەك هەیە بۆ ئەوەی لایەنەكانی تریش بەشداریی بكەن.  

زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەكەی سبەینێ، سەرۆك و جێگری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نایەنە هەڵبژاردن و تەنیا شەرعییەتدانە بە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و بەڕێوەبردنی یەكەم كۆبوونەوە.

باسی لەوەش كرد، تا ئێستە لایەنە سیاسییەكانی كەركووك لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی پارێزگاكە و هەڵبژاردنی پارێزگار ڕێك نەكەوتوون، هەروەها چەند پێشنیازێك بۆ چارەكردنی كێشەكە خراونەتەڕوو، بەڵام تا ئێستە هیچ یەكێكیان پەسند نەكراوە.

ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دواین ئەنجوومەنە تا ئێستە پۆستەكانی یەكلا نەكراوەتەوە، ئێستە هەوڵێك هەیە لایەنەكان لێك نزیك بكرێنەوە و رێككەوتن بكرێت.

ئەنجوومەنی پارێزگاری كەركووك لە 16 ئەندام پێكهاتووە، نیوەی كوردە و نیوەكەی تری نەتەوەی عەرەب و توركمانن.


وشە - رامیار جەواد