رەنگە لە وەرزی زستان شتی وامان بیستبێت كە كەسانێك بەهۆی سەرماوە رەق بوونەتەوە و گیانیان لەدەست داوە، خەریكە وەرزی هاوینیش، كە پێشتر بە پەناگەی هەژاران دادەنرا، دەبێتە مەترسی لەسەر تەندروستی و گیانی مرۆڤ، لە بەغدای پایەتەخت دوو تەرمی نەناسراو دۆزرانەوە و پێشبینی دەكرێت بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە گیانیان لەدەست دابێت.
سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژە دەكات، ئەمڕۆ چوارشەم هێزە تەناهییەكان تەرمی پیاوێكی نەناسراویان بەرانبەر بە هوتێل بلووم لە ناوچەی عەرەسات لە كەرادە دۆزییەوە و بەرەو فەرمانگەی پزیشكی دادیان گواستووەتەوە، لێكۆڵینەوەشیان لە رووداوەكە دەست پێ كردووە، هاوكات تەرمێكی تری نەناسراویان لە نزیك بنكەی پۆلیسی بابولشێخ لە ناوچەی نەهزە دۆزیەوەتەوە، كە گومان هەیە هی سواڵكەرێك بێت، هەر بەپێی سەرچاوەكە زانیارییە سەرتاییەكان ئاماژە دەكەن كە ئەو دوو پیاوە بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە گیانیان سپاردبێت.
وەك
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما سبەی پێنجشەم لە حەوت پارێزگای عراق پشوو راگەندراوە، ئەو پارێزگایانەی كە بۆ سبەی كردوویانە بە پشوو بریتین لە "بەسرە، میسان، دیوانیە، زیقار، واست، موسەنا، نەینەوا"، هۆكارەكەش بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمایە.
پێشتر كەشناسیی عێراق هۆشداری دابوو كە لە ماوەی ئەم هەفتەیە پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی خێرا بەرز دەبنەوە، بەتایبەتی لە رۆژی پێنجشەم و ئەگەری زۆرە لە زۆربەی ناچەكانی یاشوور و ناوەڕاستی عێراق پلەی گەرما بگاتە دەوروبەری 50 پلەی سەتی، بۆیە شارەزان رێنوێنی دەدەن بەوەی بۆ خۆپاراستن لەو پلە بەرزەی گەرما پێویستە هاووڵاتییان لە ماوەی سەعاتەكانی 11ی بەیانی تا پێنجی ئێوارە خۆیان لە چوونە دەرەوە و تیشكی خۆر بپارێزن.