حكوومه‌ت داوای رێكخستنی مه‌رزه‌كان ده‌كات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان داوا كرا كه هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق بكرێ.
له مه‌رزه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، رێنوێنی و بڕیاره‌كانی حكوومه‌ت وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ناكرێ، به‌تایبه‌ت له په‌روێزخان و باشماخ كه هێنانی كه‌لوپه‌ل و خواردنی قاچاخ به‌رده‌وامه، ئه‌وه‌یش زیانی گه‌وره‌ی له به‌رهه‌می جووتیارانی ناوخۆ داوه.
له چه‌ند ڕۆژی رابردوودا، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان له دیدارێكی له‌گه‌ڵ توێژه‌كانی سلێمانی دووپاتی له‌وه كرده‌وه، كه له هه‌ندێك ناوچه‌دا وه‌ك پێویست بڕیاره‌كانی حكوومه‌ت جێبه‌جێ ناكرێن. هه‌روه‌ك دووپاتی كرده‌وه كه هێنانی به‌روبووم به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر له هه‌ندێك مه‌رزه‌وه زیانی له جووتیاران داوه. ده‌موده‌ست له دیداره‌كه‌دا جووتیارێكی ده‌ڤه‌ری پشده‌ر ئه‌وه‌ی پشتڕاست كرده‌وه و داوای كرد كه حكوومه‌ت له كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می ناوخۆ هاورده‌ی به‌رهه‌می ده‌ره‌وه رابگرێ.
له بڕگه‌ی یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان، ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردوو حكوومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێم سه‌باره‌ت به ده‌روازه سنوورییه‌كان كه له یەکى تەمووزى 2024 له به‌غدا ئه‌نجام درا، له‌لایه‌ن ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ خرایه ڕوو.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یەدا دووپات له په‌ره‌پێدانی هاریكاری و هاوئاهه‌نگیی لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ به‌پێی ده‌ستوور كرایه‌وه.
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پشتگیریی خۆی بۆ لیژنه‌ی دانوستانكاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ڕایسپاردن كه له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و یاسا به‌ركاره‌كان، درێژه به گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ بده‌ن و لیژنه‌یه‌كی یاسایی پسپۆڕیشی ڕاسپارد بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر داڕشتنی میكانیزمی هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه فیدراڵییه‌كان تا یاسای تایبه‌ت به ده‌سته‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كان هه‌موار ده‌كرێته‌وه.
به‌شێك له میدیاكانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یان بڵاو كرده‌وه كه له‌و كۆبوونه‌وه‌یەی ئەنجوومەنى وەزیراندا، وه‌زیری ناوخۆ باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه مه‌رزه‌كانی باشماخ و په‌روێزخان كێشه‌یان دروست كردووه و بوونه‌ته هۆكارێكی خراپ له‌سه‌ر گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.