پێشبینیی بوومەلەرزەیەكی بەهێز دەكرێت

:: PM:05:34:13/07/2024 ‌

هەر وەرزێك روودا و كاریگەریی خۆی لەسەر مرۆڤ هەیە، زستان سەرما و بەفر و باران و لافاو لەگەڵ خۆی دێنێت، هەرچی هاوینە، جیا لە شەپۆلە توندەكانی گەرما و وشكەساڵی، خۆڵبارینی بەدواوەیە، لەناو شەپۆلی گەرمای هاویندا زانای هۆڵەندییەكە واز ناهێنێت و ئاماژە بۆ بوومەلەرزەیەكی بەهێز لە رۆژانی داهاتوو دەكات.

فرانك هۆ گربیتس، توێژەری بوومەلەرزەزانیی هۆڵەندی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیوەتی، لەماوەی چەند رۆژی داهاتوو ئەگەری هەیە چەند ناوچەیەكی زەوی تووشی بوومەلەرزەیەكی بەهێز ببنەوە، بۆیە لەوپەڕی ئامادەسازیدا بن.

لەوكاتەی ئەو توێژەرە ئاماژە دەكات كە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەكە 50 و 60%یە، ئەو گوڕی بوومەلەرزەكەی بە حەوت بۆ هەشت پلە بە پێوەری رێختەر دیاری دەكات و ناچەكانیش لەسەر نەخشە بە رەنگی پەمەیی نیشان دەكات، باسی ئەوەی كردووە كە هۆكارەكەی بۆ لێكنزیكبوونەوە و كەوتنە سەر یەكهیڵی مانگ و هەسارەكانی زوهرە و مەریخ و نیپتۆنە، كە وا دەكەن بوومەلەرزەیەكی قورس دروست ببێت.  

لە پۆستەكەدا هاتووە، دەكرێ بەهۆی لێكنزیكبوونەوەی ئەو هەسارانە لەگەڵ مانگ چالاكییەكی بەهێزی بوومەلەرزەی دروست ببێت، كاتێك بە رێژەی 50 بۆ 60% ئەگەری روودانی بووزمەلەرزە بە گوڕی حەوت بۆ هەشت پلە بە پێوەری رێختەر لە رۆژانی داهاتوودا هەیە.

ئەو توێژەرە هۆڵەندییە، كە سەرۆكی دەستەی " SSGEOS - Solar System Geometry Survey "یە و دامەزراوەیەكی توێژینەوەیە گرنگی بە چاودێریكردن و ریزبوونی ئەندازەیی تەنەكانی ئاسمان و پێوەندییان بە چالاكیی بومەلەرزە لەسەر زەوی دەدات، دوای بوومەلەرزە وێرانكەرەكەی توركیا لە شوباتی 2023 ناوی دەركرد، كاتێك پێشبینییەكەی بە روودانی بوومەلەرزەیەكی بەهێز لە توركیا راست دەرچوو، ئەگەرچی زۆرینەی شارەزایانی كەشناسی پێیان وایە ئەستەمە پێشبینی بوومەلەرزە بكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل