بەهۆی نەمانی پێكەنینەوە خەڵكی ژاپۆن بەیاسا ناچار دەكرێن پێبكەنن

:: AM:09:41:14/07/2024 ‌
حكوومەتی ژاپۆن بەیاسایەكی نوێ، هاووڵاتییانی ناچار دەكات ڕۆژانە لانیكەم جارێك پێبكەنن، ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات كە دەركەوت بەهۆی نەبوونی پێكەنینەوە، خەڵكی ئەو وڵاتە زوو پیر دەبن و تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەكان دەبن.

خەڵكی ژاپۆن بەوە ناسراون كەم پێدەكەنن، بەردەوام ڕژدن و هیچ خەندەیەك لەسەر لێویان نەماوە، حكوومەت چەندان ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر تا خەندە بخاتە سەر لێوی هاووڵاتییانی، لە بڕیارێكی نوێدا ئیدارەی پارێزگای یاماگاتای لەڕێی یاسایەكەوە، خەڵكی پارێزگاكە ناچار دەكات بەلایەنی كەمەوە ڕۆژانە جارێك پێبكەنن.

 پێشتر چەندان لێكۆڵینەوە دەریانخستووە بەهۆی سەرقاڵی و تەنیایی، خەڵكی ژاپۆن مڕومۆچی بووەتە بەشێك لە كولتووریان و ڕۆژانە كەمترین جار پێدەكەنن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی كۆمەڵێكی مڕومۆچ و نەخۆش.

دەزگاكانی توێژینەوە لەو وڵاتە دەریانخستووە، دەبێت بەیاسا كولتووری پێكەنین دروست بكرێت، چونكە پێكەنینی بەردەوام دەتوانێ مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ كەم بكاتەوە و مرۆڤ لە خەمۆكی و مرومۆچیش بپارێزێت.

حكوومەتی ژاپۆن داوا لە خەڵكی وڵاتەكەی دەكات هەموو ڕۆژێك پێبكەنن، داوا لە كۆمپانیاكانیش كراوە لە كاتی كاركردندا ژینگەیەكی پڕ لە پێكەنین دروست بكەن، داواش كراوە هەشتەمین ڕۆژی هەموو مانگێك بە ڕۆژی پێكەنین دیاری بكرێت.

 



وشە - سۆران عەزیز